دەوڵەتی بریتانیا، مافی شارۆمەندی لە کەسێکی عێراقی، بە تۆمەتی هاوکاریی لەگەڵ دەزگا سیخوڕییەکانی ڕێژیمی ئێران وەرگرتەوە و ئیزنی نەداوە ئەو کەسە بگەڕێتەوە بۆ بریتانیا.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی”نەشناڵ نیوز” کە ڕۆژی سێشەممە ١٨ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، بڵاو بووەتەوە، هاتووە کە ئەو کەسە کە بە ” پ س” ناسراوە و تەمەنی ٥٣ ساڵە و بە ڕەچەڵەک خەڵکی عێراقە و لە ساڵی ٢٠٠٣ی زایینییەوە بووەتە هاووڵاتیی بریتانیا و کاتێک لە سەفەرێکیدا لە عێراق گەڕاوەتەوە، دەوڵەتی بریتانیا ئیزنی نەداوە ئەو کەسە بێتە نێو خاکی وڵاتەکەی و مافی شارۆمەندی لە ناوبراو وەرگرتووەتەوە.
بەپێی بەڵگەکانی دادگا، دەوڵەتی بریتانیا لەسەر ئەو باوەڕەیە کە ئەو کەسە بڕیاراتی ڕێژیمی ئێران جێبەجێ دەکات و پێوەندیی لەگەڵ دەزگا ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمی ئێران هەیە و مەترسییەکی زۆر جیددیە بۆسەر وڵاتی بریتانیا و بۆیە وڵاتی بریتانیا مافی شارۆمەندی لەو کەسە وەردەگرێتەوە و ئیزنی پێ نادات لە خاکی بریتانیا بمێنێتەوە.