نوێنەرێکی مەجلیسی ڕێژیم بە ڕەخنەگرتن لە سیاسەتە ئابوورییەکانی ئێران، وەزیری ئابووریی ئێرانی بە هەڵاتن لە بەرپرسایەتی و چاولێکەرێک بۆ فەوتانی سەرمایەی خەڵک لە بازاڕی بوورسدا تۆمەتبار کرد.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئیرنا، غەنی نەزەری خانەقا، نوێنەرێکی مەجلیسی ڕێژیم، ڕۆژی سێشەممە ١٨ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، بە ڕەخنەگرتنی توند لە دەوڵەت و ئێحسان خاندووزی، وەزیری ئابووریی ئێران، ناکارامەیی دەوڵەت و نابەرپرسایەتیی وەزیری لە بازاری سەرمایە و بوورسدا، بردە ژێر پرسیار و وتی: ئەو کەسانەی کە لە بازاڕی بوورسدا پشکیان هەبوو، سەرمایەکانیان فەوتا و سەروەت و سامانەکەیان بوو بە دووکەڵ و گەیشتە ئاسمان و دەوڵەت و وەزیری ئابووریی ئێرانیش تەنیا وەکوو تەماشاچییەک چاو لێدەکەن و هیچ پڕۆژە و پلانێکیان نییە.
ناوبراو لە درێژەدا بە ئاماژە بە گەندەڵی لە بازاڕی بوورسدا و مایەپووچبوونی خەڵک وتی: خەڵکی ئێران باوەڕیان بە بازاڕی بوورس نەماوە و دەبێ دەوڵەت چارەسەرێک بۆ ئەو کێشەیە ببینێتەوە.
هەر لەم پێوەندییەدا بەپێی ڕاپۆرتی کۆمیسیۆنی ئابووریی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران کە مانگی ڕابردوو بڵاو بووەوە، بەهۆی دابەزینی بەرچاوی پشکەکان لە بازاڕی بوورس، خەڵکی ئێران لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا ٧٠ میلیارد دۆلار زەرەریان کردووە.
جێگەی ئاماژەیە کە پێشتر عەلی خامنەیی و بەرپرسانی دیکەی ئێران، داوایان لە خەڵکی ئێران کردبوو کە سەرمایەگوزاری لە بازاڕی بوورسدا بکەن و بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە بازاڕی بوورس پارێزراوترین شوێنە بۆ پاراستنی سەروەت و سامانی خەڵک.