موڵەتی ڕۆژنامەی “کلید” بە هۆکاری بڵاوکردنەوەی کۆمەڵێک ڕەخنە لەسەر عەلی خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیمی ئێران، بە بڕیاری وەزیری فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامیی ڕێژیم هەڵوەشایەوە.
ڕۆژی دووشەممە، ١٧ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، نووسینگەی لێژنەی چاوەدێریی بەسەر بڵاوکراوەکانی وڵاتی ئێران کە سەر بە وەزارەتی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامیی ڕێژیمی ئێرانە، بۆ هەڵسەنگاندنی ڕۆژنامەی “کلید” کە کۆمەڵێک ڕەخنەی لەسەر عەلی خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیمی ئێران بڵاو کردبووە، کۆبوونەوەیەکیان بە سەرۆکایەتیی “محەممەد مێهدی ئیسماعیلی”، وەزیری فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامیی ڕێژیم بەڕێوە برد و لەو کۆبوونەوەیەدا مۆڵەتی ئەو ڕۆژنامەیە هەڵوەشایەوە.
ڕۆژنامەی “کلید” لەم دواییانەدا جاروبار کۆمەڵێک ڕەخنەی لە ناکارامەیی بەرپرسان و کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران لەو وڵاتەدا بلاو کردووەتەوە و بەرپرسانی ڕێژیمی بە سەرچاوەی سەرجەم کێشەکانی ئەو وڵاتە و بەتایبەت کێشەی هەژاری و بژێویی ژیانی خەڵکی ئەو وڵاتەی لە قەڵەم داوە.
ئەو ڕۆژنامەیە لە لاپەڕەی سەرەکیی دواهەمین ژمارەی خۆیدا وێنەیەکی ڕەخنەگرانەی لەسەر خامنەیی بڵاو کردووەتەوە و لە مانشێتەکەیدا ڕێبەری ڕێژیمی ئێرانی بە بەرپرسی سەرەکیی هەژاری و سەرچاوەی کێشە ئابوورییەکانی وڵاتی ئێران لە قەڵەم داوە؛ ئەمەش بوو بە هۆکاری ئەوەی کە هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیم بە مەبەستی داخستن و هەڵوەشانەوەی مۆڵەتی ئەو ڕۆژنامەیە گوشار بخەنە سەر وەزارەتی فەرهەنگ و ئیرشاد و لێژنەی چاوەدێریی بەسەر بڵاوکراوەکانی وڵاتی ئێران کە سەر بەو وەزارەتخانەیە.
ڕۆژنامەی “کلید” لە سەرەتای مانگی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوییەوە لە وەزارەتی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامیی ڕێژیمی ئێران مۆڵەتی وەرگرتووە و لە لێژنەی چاوەدێریی بەسەر بڵاوکراوەکان کە سەر بەو وەزارەتخانەیە بە فەرمی تۆمار کراوە.