کاربەدەستانی وڵاتی کۆلۆمبیا سپای تیرۆریستیی پاسداران و حیزبوڵای لوبنانیان خستە نێو لیستی ڕەشی تیرۆریستیی ئەو وڵاتەوە.
بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییەکان؛ دەزگای هەواڵگریی وڵاتی کۆلۆمبیا لەسەر گەڵاڵەیەک بۆ زێدەکردنی سپای تیرۆریستیی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران و گرووپی تێرۆریستیی حیزبوڵای لوبنان بە لیستی ڕەشی تێرۆرسیتیی ئەو وڵاتە، ڕەوانەی پەرلەمانی ئەو وڵاتە کرد و لە ئاکامدا پەرلەمان بڕیاری لەسەر پەسەندکردنی ئەو گەڵاڵەیە دا.
ڕۆژی دووشەممە، ١٧ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، “ئەیوان مارکز”، سەرۆککۆماری وڵاتی کۆلۆمبیا لە سەردانێکیدا بۆ شاری ئوورشەلیم، پێتەختی ئیسرائیل بە مەبەستی کردنەوەی نووسینگەیەکی هاوبەشی بازرگانیی نێوان ئەو دوو وڵاتە، لەگەڵ “نەفتالی بێنێت” سەرۆکوەزیرانی وڵاتی ئیسرائیل کۆ بوونەوە و لەو دانیشتنەدا سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەهەمبەر بە تیرۆریست ناساندنی سپای پاسداران و حیزبوڵای لوبنان، سپاسی سەرۆککۆماری وڵاتی کۆلۆمبیای کرد.
چاوەدێرانی سیاسی پێیان وایە کە ئەو بڕیارەی وڵاتی کۆلۆمبیا لەسەر هەوڵە تێرۆریستییەکانی لقی قودسی سپای تیرۆریستیی پاسداران بە هاوکاریی ئەندامانی لقی تێرۆری گرووپی حیزبوڵای لوبنان لە ساڵی ڕابردوو بۆ تێرۆری دوو بازرگانی ئیسرائیلی لە خاکی ئەو کۆلۆمبیادا بوو.
ڕۆژی ١٣ی ڕەزبەری ١٣٩٩ی هەتاوی، دەزگای هەواڵگریی وڵاتی کۆلۆمبیا پەردەی لەسەر هەوڵەکانی تیمێکی تێرۆریستیی هاوبەشی لقی قودسی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران و لقی تێرۆری گرووپی حیزبوڵای لوبنان بە هاوکاریی دوو کەسی کۆلۆمبیایی بۆ تیرۆرکردنی بازرگانێکی ئیسرائیلی لە خاکی ئەو وڵاتەدا لا دا.
جێگای ئاماژەیە کە پلانی ئەو تێرۆرە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە داڕێژراوە و بوودجەی ماڵی و دابینکردنی کەرەستەی پێویستیش لەئەستۆی کادرێکی پلەبەرزی سوپای قودس بە ناوی “ڕەحمەت ئەسەدی”دا بووە.