کاسبکارێکی خەڵکی سنە بە گومانی ئەوەی کەلوپەلی قاچاخ دەگوازێتەوە، لە ڕێگای سنە بۆ دێولان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران کوژرا.
بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییەکان لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، کاسبکارێکی خەڵکی سنە بە ناوی “فەرهاد زەندی” بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئینتزامییەکان لە ڕێگای سنە بۆ دێولان بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت و بە گومانی ئەوەی کە ئەم کاسبکارە کەلوپەلی قاچاخی پێ بووە، تەقەیان لە ماشێنی فەرهاد زەندی کردووە و ناوبراویان کوشتووە.
ئەم هێزانە لە حاڵێکدا تەقەیان لە فەرهاد زەندی کردووە کە ماشێنەکەی هیچ کەلوپەلێکی تێدا نەبووە و تەنیا بە گومانی هەڵگرتنی کەلوپەلی قاچاخ تەقەیان لێ کردووە و بوو بەهۆی گیان لە دەستدانی ناوبراو.
شایانی باسە کە تەرمی فەرهاد زەندی بۆ نەخۆشخانەی کەوسەری سنە گوازراوە و بنەماڵەی ناوبراو لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە هەرەشەیان لێ کراوە کە نابێ ئەم بابەتە بە میدیایی بکرێ.