وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیم ڕایگەیاند: سێ مەرجی پێویست بۆ گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ نێو بەرجام بریتییە لەوە کە ئەمریکا دەبێ دان بە هەڵەکانی خۆیدا بنێ، گەمارۆکان بەیەکجاری لاچێ و هەروەها بەڵێن بدات هیچ دەوڵەتێکی دیکەی ئەمریکا وەک دەوڵەتی ترامپ، هاتنە دەرەوە لە بەرجام دووپات نەکاتەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە کە دەوڵەتی بایدێن ڕایگەیاندووە کە بەڵێنێکی لەو چەشنە نادات، چوونکە ناتوانێت بە نوێنەرایەتی لە دەوڵەتێکی دیکەوە قسە بکات.
ڕاوێژکاری ئەمنییەتی نەتەوەیی ئەمریکا وتوویەتی: ڕێژیمی ئێران بۆ گەڕانەوەی نێو بەرجام هیچ هەڵوێستێکی ئەرێنی لەخۆی پیشان نەداوە.
لە وڵامی پرسیارێکی “سی ئێن ئێن” لە جەیک سالیوان کە وتبووی بایدێن پێش هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری بەڵێنی دابوو بگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕێکەوتنەی کە ترامپ لێی هاتبووە دەرەوە، وتی: “واشینگتۆن تەواوی توانای خۆی لەسەر ئەم بەشە داناوە، بەڵام ئێران هیچ هەڵوێستێکی ئەرێنی لەخۆی پیشان نەداوە.”
لە کاردانەوەیەکی دیکەدا ڕۆژنامەی “موستەقێل” لە تاران ئاماژە بەوە دەکات: “ڕێژیم هێشتا نازانێ چۆن وتووێژ بکات. وەزیری دەرەوە وتوویەتی ئەمریکا دەبێ هەموو گەمارۆکان لاببات، بەڵام بۆ ئەمریکا ئەو مەرجە قەبووڵ ناکرێت، وا دیارە کە وەزیری دەرەوە لە کایەی سیاسەت زۆر شارەزا نییە و لەم کایەدا ناکرێ بەدوای مەرجی خیاڵی بکەوین.”
ئەم ڕۆژنامە بە نیگەرانییەوە نووسی: ئەگەر وتووێژەکان بە ئاکام نەگات، پەروەندەی ڕێژیم دەڕواتە شۆرای ئەمنییەت و دەبێتەوە بە پرس و کێشەیەکی جێگای مەترسی.