حاجی شێخ عەبدوڵای شەمسی بورهان، کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر و دڵسۆزی نەتەوەی کورد، بەهۆی نەخۆشییەوە لە تەمەنی ٧٨ساڵیدا ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی دووشەممە ١٧ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، “حاجی شێخ عەبدوڵای شەمسی بورهان”، گەورەی بنەماڵەی شێخ شەمسەدینی بورهان و ناسراو بە “حاجی شێخ عەبدوڵای کولیجە” و یەکێک لە سیما ناسراو و دیارەکانی ناوچەی موکریانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و نەوەی کۆچکردوو “شێخ شەمسەدینی بورهان” و کوڕی مەرحومی “شێخ حەسەنی کولیجه” له کاربەدەستانی کۆماری کوردستان و برای کۆچکردوو “سەلاح شەمسی بورهان” و هەروەها یادگاری جووڵانەوەی چەکدارەکانی ساڵەکانی ٤٦-٤۷ بوو، لەتەمەنی ٧٨ ساڵیدا بەهۆی نەخۆشییەوە لە شاری مەهاباد کۆچیدوایی کرد.
شایانی باسە کە، تەرمی حاجی شێخ عەبدوڵا، بە بەشداری خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستان بە گشتی لە ڕێوڕەسمێکی بەشکۆدا لە خانەقای شێخی بورهان بە خاکی کوردستان سپێردرا.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە، پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەمالەی گەورەی شێخی بورهان و هەموو خەڵکی ناوچەی موکریان دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.