لە کاتێکدا شۆرای ئەمنییەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە بەیاننامەیەکدا هەوڵی تێرۆری مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی بە توندی مەحکووم کرد، داوای سزای قورس بۆ بکەرانی ئەو تاوانە دەکات.
وڵاتانی ئەندام لە شۆرای ئەمنییەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، شەوی دووشەممە ١٧ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، هێرشی گرووپە میلشیاکانیان بۆسەر سەرۆکوەزیرانی عێراقیان بە توندی مەحکووم کرد و هەر لەم پێوەندییەدا سەرچاوە زانیارییەکانی عێراق بە هەواڵدەریی ئەلعەرەبییەیان ڕاگەیاندووە کە ٣ کەس لە ئەندامانی گرووپە میلیشیاکانی سەر بە رێژیمی ئێران لەو هێرشەدا دەستیان هەبووە و ئاشکرا کراون.
ئەندامانی شۆرای ئەمنییەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هەروەها جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە دەبێ بکەران و ئەو کەس و گرووپانەی کە دەستیان لەم هێرشە تێرۆریستییەدا هەبووە بە توندترین شێوە سزا بدرێن.
لە کاتێکدا کە لێکۆڵینەوە لەسەر هێرشە تێرۆریستییەکەی سەر مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەردەوامە، بەرپرسانی ئەمنییەتی و سەرچاوەکانی نزیک لە هێزە چەکدارەکانی عێراق کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بێ، ڕۆژی دووشەممە بە هەواڵدەریی ڕۆیتێرزیان ڕاگەیاندووە کە ئەم هێرشە تێرۆریستییە لەلایەن دوو گرووپی میلیشیای سەر بە ریژیمی ئیرانەوە کراوەتە سەر شوێنی نیشتەجێبوونی سەرۆکوەزیرانی عێراق و فڕۆکە بێفرۆکەوانەکە و ماددە تەقینەوەکان هەموو دروستکراوی وڵاتی ئێرانن.
هەروەها ئەو بەرپرسانی ئەمنییەتیی عێراق ڕایانگەیاندووە کە دوو گرووپی میلیشیای “کەتائێبی حیزبوڵای عێراق و عەسائێبی ئەهلی حەق” بە شێوەیەکی هاوبەش ئەو هێرشە تێرۆریستییەیان بەڕێوە بردووە.
جێگای ئاماژەیە کە هادی عامری و قەیس خەزعەلی، لە فەرماندەکانی سپای بەدر و عەسائێبی ئەهلی حەق لە تێکهەڵچوونەکانی ناوچەی سەوزی بەغدا و کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان بەدژی ئاکامی هەڵبژاردنەکانی پارلمانی عێراق، بەردەوام هەڕەشەیان لە سەرۆکوەزیران و ئەندامانی دەوڵەتی عێراق کردبوو.