هێزی ئاسمانیی ئەرتەشی ئیسرائیل لە هێرشێکی ئاسمانیدا بۆسەر شاری حومس لە سووریە بارێکی گەورەی چەکوچۆڵی میلیشیاکانی حیزبوڵای لوبنانی مووشەکباران کرد.
بەپێی ڕاپۆرتی چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە، فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئەرتەشی ئیسرائیل شەوی دووشەممە ١٧ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، لە هێرشێکی ئاسمانیدا بۆسەر شاری حومس، بارێکی گەورەی چەکوچۆڵ کە دەگوازرایەوە بۆ میلیشیاکانی حیزبوڵای لوبنانیان کردە ئامانج و بە تەواوەتی لەنێویان بردووە.
جێگای ئاماژەیە کە هێزی ئاسمانیی ئەرتەشی ئیسرائیل ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردووش، هێرشێکی ئاسمانییان کردبووە سەر بنکە و کۆگای چەک و تەقەمەنی میلیشیاکانی سەر بە رێژیمی ئێران لە ناوچەی دەمیشق و خەسارێکی گەورەیان بە میلیشیاکانی سەر بە رێژیمی ئێران لە سووریە گەیاندبوو.
شایانی باسە کە ئیسرائیل بەردەوام جەختی لەسەر ڕووبەڕووبوونەوەی میلیشیاکانی سەر بە ریژیمی ئێران لە سووریە و لوبنان کردۆتەوە و لەم پێوەندییەدا بەردەوام بنکە و مۆڵگە و کۆگای چەک و تەقەمەنی میلێشیاکانی سەر بەو ڕێژیمەی لە سووریە و لوبنان کردۆتە ئامانجی هێرشەکانی.