هاووڵاتییەکی بەلووچ بە ناوی “عەلی براهوویی” لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە لە جادەی بەم- ڕیگان، درایە بەر دەسڕێژ و لە ئاکامدا گیانی لەدەستدا.
بەپێی ڕاپۆرتی کەمپەینی چالاکانی بەلووچ لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران لە جادەی بەم-ڕیگان ڕاستەوخۆ بەبێ ئاگادارکردنەوە، تەقە لە ماشینی هاووڵاتییەکی بەلووچ بە ناوی “عەلی براهوویی” دەکەن و دەیکوژن.
کەمپەینی چالاکانی بەلووچ لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیاندا ڕایانگەیاندووە کە هێزەکانی ڕێژیم بە ئانقەست تەقە لە ماشینی ناوبراو دەکەن و لە ئاکامدا فیشەکێک وەبەر سەری دەکەوێ و دەسبەجێ گیانی لەدەست دەدا و هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم پاش گیان لەدەستدانی ناوبراو، خێرا شوێنی ڕووداوەکە بەجێدەهێڵن.
بەپێی ڕاپۆرتی کەمپەینی چالاکانی بەلووچ، هێزەکانی ڕێژیمی ئێران تەنیا بە گومانی قاچاخی نەوت و گازۆئیل هاووڵاتییان و کاسبکارانی بەلووچ دەدەنە بەر دەسڕێژی گوللـە و دەیانکوژن.