ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە ڕێژیمی ئێران نایهەوێت بگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنی بەرجام.
ڕۆژی یەکشەممە، ١٧ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، “جەیک سالیوان”، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی “سیئێنئێن” ڕایگەیاندووە کە ڕێژیمی ئێران بە هیچ شێوەیەک نایهەوێت بگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنی بەرجام و ئەمریکاش لەم پێوەندییەدا هەموو هەوڵەکانی خۆی بۆ گەڕانەوە و پێبەندبوونی ڕێژیمی ئێران بەو ڕێککەوتننامەیە خستووەتە گەڕ.
سالیوان، لە وڵامی ئەو پرسیارەدا کە “جۆ بایدێن” لە پڕۆسەی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکادا بەڵێنی گەڕانەوە و پێبەندبوونی بە ڕێککەوتننامەی بەرجام دابوو، وێڕای ئاماژەدان بەوەی کە ئەگەر ڕێژیمی ئێران پێبەندی ڕێککەوتنی بەرجام بێت، ئەمریکاش دەگەڕێتەوە سەر ئەو ڕێککەوتننامەیە، ڕایگەیاند: “ئەمریکا لەم بارەوەیە لە نزیکەوە هاوکاریی سەرجەم هاوپەیمانەکانی خۆی کردووە و ئێستاش ئامادەیە بگەڕێتەوە سەر مێزی وتووێژەکان و لەسەر بەرجامیش پێبەندی بەڵێنەکانی خۆیەتی”.
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا جەختی لەسەر پێبەندبوونی وڵاتەکەی بە بەڵێنەکانی سەرۆککۆمار “جۆ بایدێن” کردەوە و وتی: “واشینگتۆن هەموو هەوڵەکانی خۆی لەسەر گڕانەوە بۆ ڕێککەوتننامەی بەرجام خستووەتە گەڕ، بەڵام ئێران تاکوو ئێستا هیچ هەنگاوێکی لەم بارەیەوە هەڵنەگرتووە و بە هیچ شێوەیەک نایهەوێت بگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕێککەوتننامەیە”.
جێی ئاماژەیە کە وتووێژەکانی بەرجام کە دوای هاتنەسەرکاری “ئیبراهیم ڕەئیسی” ڕاگیراون، بڕیارە لە ڕێکەوتی ٢٩ی نۆڤامبری ئەمساڵ، واتە ٢١ ڕۆژی دیکە جارێکی تر لە شاری ڤییەنی پێتەختی وڵاتی ئۆتریش سەرلەنوێ دەست پێ بکرێتەوە.