لە سەتا ٩٠ی ناوەندەکانی دۆزینەوەی کار لە ئێران بەهۆی نەبوونی دەرفەتی کار بۆ خەڵک ئەگەری داخستنیان لەسەرە.
هەواڵدەریی کاری ئێران “ئیلنا”، ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە بێکاری لە ئێراندا بڵاو کردووەتەوە و ئاماژە بەوە دەکات کە لە مانگەکانی سەرەتای دەستپێکی کۆرۆنا زیاتر لە ١ میلیۆن کەس لە ئێران کاری خۆیان لەدەست داوە و ئێستاش ئامارەکان لەوە زیاتر پەرەی ستاندووە و هیچ پڕۆژەیەک بۆ قەرەبووی ئەم کێشەیە بوونی نییە و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ئاماری بێکاری و گرانی زۆرتر دەبێ.
بەپێی ڕاپۆرتی ئیلنا، ئەو ناوەندانەی کە ئەرکی دۆزینەوەی کاریان بۆ ئەو کەسانە وەئەستۆیە کە بێکارن یان کارەکەیان لەدەست داوە، ئێستا خۆیان تووشی مەترسی بێکاری و داخران بوونەتەوە؛ بەپێی ئەم ڕاپۆرتەدا هەر لە سەرتاکانی دەستپێکی پەتای کۆرۆناوە ٥٠ لەسەدی ئەم ناوەندانە بەهۆی نەبوونی کار داخران و ئێستاش لەو بەشە کەمەی کە بە کەموکورتی کار دەکەن، ئەگەری داخرانی ٨٠ لەسەدیان هەیە.
شایانی باسە کە لە وڵاتانی پێشکەوتوودا زیاتر لە سەتا ٥٠ـی ئەو کەسانەی کە بێکارن، دەرفەتی کاری خۆیان لەلایەن ناوەندەکانی دۆزینەوەی کارەوە دەبیننەوە بەڵام لە ئێران دا ئەم ڕادەیە لە سەتا ٢٠ـە و پاش ماوەیەکیش بەهۆی نەبوونی یاسایێکی ڕێکوپێک ئەو کەسانە مەجبوور بە وازهێنان لە کارەکانیان دەبن.