مانۆڕی هێزەکانی وشکانی، ئاسمانی و دەریایی ئەرتەشی کۆماری ئیسلامی ئێران، ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، لە گەڕووی هۆرموز بە ناوی “زولفەقار” بەڕێوە چوو.
بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییەکانی ئێران، حەبیبوڵا سەیاری، جێگری هاواهەنگیی کاروباری ئەرتەش، ڕایگەیاندووە کە ئەو مانۆڕە سەربازییە لە ناوچەکەدا بە پانتایی زیاتر لە یەک میلیۆن کیلۆمیتری دووجا لە ڕۆژهەڵاتی گەرووی هۆرموز بەڕێوە دەچێ.
بە وتەی سەیاری، لەم مانۆڕە سەربازییەدا هێزەکانی وشکانی، بەرگریی ئاسمانی، هێزی ئاسمانی و دەریایی، فڕۆکەی شەڕکەر و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئەرتەش بەشدارن و ئامانج لەم مانۆڕە سەربازییە ئەوەیە بۆ هەر چەشنە هەڕەشەیەک ئامادەییان هەبێ.
لەم دواییانەدا ڕاگەیاندنەکانی ئیسرائیل بڵاویان کردەوە، ئەرتەشی ئەو وڵاتە مەشق و ڕاهێنان بۆ هێرش کردنە سەر بنکە ناوکییەکانی ئێران دەکا و نزیکەی یەک میلیارد و ٥٠٠ میلیۆن دۆلار بۆ ئەو مەبەستە تەرخان کراوە.
شایانی باسە کە لەدوای هاتنەسەرکاری ئیبراهیم ڕەئیسی وەک سەرۆککۆماری ڕێژیمی ئێران هیچ دانوستانێک بۆ زیندووکردنەوەی رێککەوتنی ناوکیی بەڕێوە نەچووە و هاوکات ئێران زیاتر پەرەی بە پیتاندنی ئۆرانیۆم داوە.