دەزگای زانیارییەکانی ئیسرائیل” مووساد” چەندین هێرشی تێرۆریستی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران بۆسەر بەرژەوەندییەکانی ئیسرئیل لە چەند وڵاتی ئەفریقایی وەکوو سێنێگاڵ، غەنا و تانزانیا پووچەڵ کردەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی کاناڵی ١٢ی تەلەڤیزیۆنی ئیسرائیل کە شەوی یەکشەممە ١٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی بڵاوکراوەتەوە، دەزگای زانیارییەکانی ئەو وڵاتە “مووساد” گەڵاڵەی دارێژراوی سپای قودسی ڕێژیمی ئێران بۆ هێڕش کردنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل لە چەند وڵاتی ئەفریقایی پووچەڵ کردۆتەوە و لەم پێوەندییەدا ٥کەس بە پاسپۆرتی وڵاتانی ئەفریقاییەوە لەلایەن دەزگای زانیارییەکانی ئیسرائیلەوە دەسبەسەر کراون.
ئەو پێنج کەسە لە وڵاتی لوبنان لەلایەن هێزەکانی سپای قودسی رێژیمی ئێرانەوە راهێنانی سەربازییان پێکراوە بۆ تێرۆرکردنی بازرگانە بەنێوبانگەکانی ئیسرائیل لە وڵاتانی ئەفریقایی، بەڵام پێش جێبەجیکردنی پلان و هێرشەکانیان لەلایەن دەزگای زانیارییەکانی ئیسرائیلەوە بە هاوکاری دەزگا زانیارییە خۆجێیەکان، پلانەکەیان پووچەڵ کراوەتەوە و ئە ٥ کەسە دەسبەسەر کراون.