لە مێژووی خەباتی نەتەوەکەماندا زۆر ڕۆڵەی بەوەج بەتایبەتی ئەفسەرە نیشتمانپەروەرەکانی وەک سەرگورد عەلیار، سەرگورد عەباسی، سەروان چەلەبی، سەروان ئەفشین، سەروان حاتم، سەروان ئەحمەدی جاوید فەڕ، سەروان ئیقبال کەریمنژاد، سەروان برایم بەهرام‌پوور، خەلیل خەلەبان و چەندانی دیکە هەن کە دوای شۆڕشی گەلانی ئیران هەموو پلەوپایەییەکی حکوومەتیان وەلا نا و خزمەتێکی لەبیرنەکراویان بە گەلەکەیان کرد. فەتاح چێهرەپەروەر یەکێک لەو قارەمانە نیشتمانپەروەرانەی نێو ئەڕتەشی پاشایەتی بوو کە هاتە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتەوە و خزمەتێکی لەبیرنەکراوەی بە نەتەوەکەی کرد.
لە “هەگبەی شاخ و شۆڕش”ی ئەمجارەماندا یاد و ناوی ئەو گەورەپیاوە بەرز ڕادەگرین.
فەتاح چێهرەپەروەر لە ساڵی ١٣٣٥ لە بنەمەڵەیەکی کاسبکار لە شاری مەهاباد چاوی بە دنیای ڕوون هەڵینا. کاتێک پێبەپێ گەورە بوو، بەڕێی قوتابخانە کرا و دوای قوناغی خوێندنی سەرەتایی و وەرگرتنی سیکل، پاش ماوەیەک چووە ئیجباری (سەربازی) و لە نێو ئەرتەشدا پلەی دەرجەداری پێدرا.
فەتاح لە گەرمەی خۆپێشاندانەکانی دژی ڕێژیمی پاشایەتی، خۆی ئامادە کردبوو لە دەرفەتێکدا بە زانیاری و ئەزموونەکانی بەدەستهاتووی نێو ئەرتەش بێتە نێو ڕیزی گەلەوە و وەک دەرەجەدارێک لە خزمەت کورد و بزووتنەوەکەیدا بێ. بەمجۆرە دوای ڕووخانی حكومه‌تی پاشایه‌تی و پاش ئەوەی کە بینی ڕێژیمی تازە بەدەسەڵات‌گەیشتوو بە خوێنی گەل و نەتەوەکەی تینووە، بڕیاری خۆی بردە سەرێ و به دامه‌زرانی بنكه‌كانی حیزبی ل ه‌شاری مەهاباد، لە یەکەم ڕۆژی دەستبەسەرداگرتنی پادگانی مەهاباددا، خۆی بە شەهید سەرگورد عەبباسی ناساند.
شەهید فەتاح چێهرەپەروەر بە پێکهاتنی شوڕای نیزامی لە مەهاباد لەو ناوەندە دەست بە تێکۆشانی خۆی کرد و لە هەر شوێنێک کە پێویست با ئەرکی پێ‌سپێردراوی بەرێوە دەبرد. ئەو مرۆڤێکی ئارام و لەسەرەخۆ و هەمیشە بە بزە بوو، زۆر دڵخۆش بوو بە دووبارە هەستانەوەی شۆڕشی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەربۆیەش بە هەموو تواناوە وەک پێشمەرگەیەک لە خزمەت حیزب و جووڵانەوەکەدا بوو. ئه‌و هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوە دا نیشانی دا كه پێشمه‌رگه‌یه‌كی به‌نه‌زم و قسه‌له‌گوێ و دڵسۆزه، به به‌شداری كردن له چه‌ندین عه‌مه‌لیاتدا ئازایه‌تیی فەتاح کەوتە سه‌ر زمانان. فەتاح پێوەندییەکی کۆمەڵایەتیی بەهێزی هەبوو و ئەو پێوەندییانەی بۆ تەبلیغ و جێخستنی سیاسەتەکانی حیزبی دێموکرات بەکار دێنا.
لێهاتوویی، لێوه‌شاوه‌یی و هه‌ڵسووڕان و چالاكیی ئه‌و له خه‌بات، دژی دوژمنانی ئازادی دیار و به‌رچاو بوو.
فەتاح وه‌ك قه‌ڵایه‌كی پۆڵایین له به‌رامبه‌ر هێزی کۆماری ئیسلامی‌دا ڕاوه‌ستا بوو. ئەو به‌ڵێنی دابوو تا دواهه‌ناسه بۆ وه‌دیهێنانی ئامانجی شه‌هیدانی سه‌ربه‌رزی نه‌ته‌وه‌كه‌ی له وەستان نه‌كه‌وێ. وێنه‌ی تاكێكی شۆڕشگێڕ، مرۆڤێكی دێموكرات، ئینسانێكی به‌ته‌واو مانا، كه‌سێكی جێی باوه‌ڕ و متمانه كه به‌وپه‌ڕی هه‌ست به لێپڕسراوی كردنه‌وه له هیچ ئەرکێکی حیزبی‌دا کەمیی نه‌ده‌هێنا و هیچ تهنگوچهڵهمهیهك نه‌یده‌توانی به‌ری ڕاپه‌راندنی ئه‌ركه پێ ئه‌سپێردراوه‌كانی پێ بگرێ. ئەو وێنه‌ی قاره‌مانێكی هه‌ڵكه‌وتوو، خه‌باتكارێكی ڕاسته‌قینه بوو كه ببووه جێی ئیلهام وه‌رگرتنی هه‌موو هاوڕێیانی.
بە دوای شەهید بوونی فەرماندەی لکی یەک (حاجی مەلا برایم ڕۆستەمی) و چەند ڕۆڵەی فیداکاری هاورێی لە داشکستان، لە هاوینی ساڵی ١٣٥٩ی هەتاوی، لەسەر بریاری فەرماندەری ئەو کاتی هێزی پێشەوا شەهید سەرگورد کەریمی عەلیار، فەتاحی چێهرەپەروەر وەک فەرماندەری لکی ١ی ئەو هێزە دیاری کرا. شەهید فەتاح لەو بەرپرسایەتییەشدا ڕووسوور هاتەدەر و هەموو تواناکانی بۆ بەڕێوەبردنی ئەو ئەرکە تەرخان کرد.
بەر لە گرتنەوەی یەکجاریی شاری مەهاباد لە خەرمانانی ١٣٥٩، مەئمورییەتی چوونە شەڕی دارساوێن بە چەند پەل لە لکی ١ و ٣ی هێزی پێشەوا سپێردرا کە شەهید فەتاح وەک فەرماندەی لکی ١ و شەهید برایمی ساڵەموقەدەم وەک فەرماندەری عەمەلیاتی لکی ٣ بۆ ماوەی سێ حەوتوو بەشداری ئەو مەئمورییەتە بوون.
خوێنگەرمی و دڵگەرمی ڕۆڵەکانی دێموکرات بە ڕادەیەک بوو، کە هەموو ڕۆژێ بۆ زەربە لێدان لە هێزی دوژمن قارەمانەتییان لە جادەی بانە سەردەشت نیشان دەدا و زەربەی کاریگەریان لە دوژمن دەوەشاند و لە زۆربەی ئەو کەمین‌دانانەوە و زەربەلێدان لە دوژمن، شەهید فەتاح وەک فەرماندەری لک بەشدار و فەرماندەیی عەمەلییاتەکانی پێشمەرگەی دەکرد، له شه‌ڕ و دهرگیرییهكاندا ئه‌وپه‌ڕی قاره‌مانەتیی ده‌نواند و سینگی قه‌ڵخانی به‌رگریكه‌ری ماف و داخوازییه‌كانی نه‌ته‌وه‌كه‌ی بوو.
بەداخەوە شەهید فەتاح زۆر نەژیا تا پتر خزمەتی گەل و نیشتمانەکەی بکا. ڕۆژی ١٤ی ڕەزبەری ساڵی ١٣٥٩ی هەتاوی، وەک زۆربەی ڕۆژەکانی ڕابردووی ئەو وەرزە، دەستەیەک لە پێشمەرگەکانی لکی یەکی هێزی پێشەوا بە فەرماندەیی فەتاح چێهرەپەروەر بۆ لێدانی زەربە لە هێزی دوژمن و کونترۆڵی جادەی مەهاباد ــ ورمێ لەنێوان دەشتایی باغی سەفایی و مۆڵگەی دوژمن لە بەردەکونێ لە ناوچەی شاروێران، لەگەڵ ئەوەی ڕووبەرووی هێزێکی زۆری دوژمن لە دوو لاوە دەبنەوە، بەڵام زەبرێکی کاریگەر لە هێزی دوژمن دەدەن. بەداخەوە پاش چەند سەعات شەڕ، شەهید فەتاح چێهرەپەروەری فەرماندە، پاش خۆڕاگری و وهدهستهاتنێكی زۆر پاڵه‌وانانه سینگی بەر گوللەی دوژمن کەوت و ڕۆحی پاكی به‌ره‌و تروپكی نه‌مان فری.
هەزار سڵاو لە یاد و بیری.