بەندكراوێكی سیاسیی كورد كە پێشتر دەستبەسەركرابوو، پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە ١٣ ساڵ دەستبەسەربوونی لە زیندانی شاری سەقز لە لایەن دادگا حوكمی ئێعدامی بۆ بڕاوەتەوەو تا ئێستاش چاوەڕوانیی جێبەجێ کردنی حوکمەکەی دەکا.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆمەڵەی چالاکانی مافی مرۆڤ مستەفا سەلیمی خەڵكی شاری سەقز كە ساڵی ١٣٨٢ لەو شارە دەستبەسەركراوە و تا ئێستا لە زیندانی شاری سەقز زیندانی كراوە، پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە ١٣ ساڵ لە لایەن دادگا سزای ئێعدامی بەسەردا سەپاوە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە مستەفا سەلیمی بە تۆمەتی سیاسی و ئەمنیەتی لەوانە “مەحاڕەبە لە رێگەی ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردیی دژبەری کۆماری ئیسلامی” دادگایی كراوەو سزای ئێعدامی بۆ بڕاوەتەوە. هێرانا دەڵێ لە كاتی دەستبەسەركرانی مستەفا سەلیمی زیاتر لە سێ مانگ لە ژوورە تاكە كەسیەكانی زیندان لە ژێر قورسترین ئەشكەنجەكاندا بووە.
مستەفا سەلیمی لە دایك بووی ساڵی ١٣٤٦، پەیمانكاری كۆمپانیای گاز بووەو بە حوكمی دادوەور گودینی بە ئێعدام مەحكوم كراوە، ئەو تاكوو ئێستا چەند جار بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بە دۆخی نالەباری خۆی و نەبوونی مافی مەرەخەسی مانی گرتوەو داوای لە بەرپرسان كردوە كە مافی چاوپێكەوتن لە گەڵ بنەماڵەكەی پێبدرێ.