“عەلیڕەزا کازمی” سەرپەرەستی وەزارەتی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم، ڕایگەیاند لە وەرزی نوێی خوێندن ٢١٠ هەزار قوتابی دەورەی سەرەتایی و ٧٦٠ هەزار قوتابی دەورەی دواناوەندی دەستیان لە خوێندن کێشاوەتەوە.
ئێستا کە کۆرۆنا لە زۆر وڵاتی دنیا ڕووی لە کۆتاییە و دەوڵەتان بە پلان، زۆربەی کێشەکانیان کۆنتڕۆڵ و چارەسەر کردووە، لە ئێران پیکی شەشەمی کۆرۆنا دەستی پێکردووە و بەهۆی ناکارامەیی بەرپرسانی ڕێژیم، قەیران بەدوای قەیران هەموو بەشەکانی ئەم وڵاتی تووشی فەشەل هێناوە؛ یەک لەوانە بەشی خوێندنە و ڕۆژانە سەدان منداڵ بەهۆی بێدەرەتانی و نەبوونی بنەماکانی پێویستی پەروەردە و لە هەموو گرینگتر خواست و سیاسەتی ڕێژیم کە دواکەوتوویی کۆمەڵگایە، ناچار بە دەستهەڵگرتن لە خوێندن دەبن.
ئەم بەرپرسەی ڕێژیم ئاماژەی بەوە کردووە، یەک لە گرینگترین کێشەکانی ئێستا وازهێنان لە خوێندنە لەلایەن منداڵانەوە و دەبێ بەرنامەیەک بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشە داڕێژین و لە ئێستا دا ٢١٠ هەزار قوتابی دەورەی سەرەتایی و ٧٦٠ هەزار قوتابی دەورەی دواناوەندی دەستیان لە خوێندن کێشاوەتەوە؛ ناوبراو ئاماژە بەوە دەکات کە بەرپرسانی باڵای پەروەردە هەموو دەسەڵاتێکیان لەدەستی بەرپرسانی شار و پارێزگاکان ستاندووەتەوە و بۆ بچووکترین کار دەبێ پرس بە بەرپرسانی سەرەوە بکەن و ئەمەس پرۆسەی پەروەردە تووشی کێشە و گرفت دەکات.