ئەرتەشی یەمەن فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی میلیشیا حووسییەکانی تێک شکاند کە دەیویست هێرش بکاتە سەر پارێزگای “سەعدە”ی ئەو وڵاتە.
ڕۆژی شەممە ١٥ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، هەواڵدەریی فەرمیی دەوڵەتی یەمەن ڕایگەیاند کە، هێزی ئاسمانیی ئەرتەشی یەمەن فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی میلیشیا حووسییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران، کە ئامانجی ئەو گرووپە هێرش بووە بۆسەر باکووری ئەو وڵاتە لە پاریزگای “سەعدە”ی تێک شکاند و نەیهێشت ئامانجەکەی بپێکێ؛ هەروەها ئەو هەواڵدەرییە ئەوەشی باس کرد کە ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە دەدرێ بە میلیشیا حووسییەکان.
یاسر ئەلمەعبەری، فەرماندەی مێحوەری “ئازال” و فەرماندەی تیپی ١٠٢ی وشکانی ئەرتەشی یەمەن وتی: هێزی فڕۆکە شەڕکەرەکانی یەمەن لە ئاسمانی ئەو وڵاتە چاوەدێری جموجۆڵی هێرشەکانی میلیشیاکانی حووسی دەکەن کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە فەرمانیان پێ دەدرێ و ویستوویانە هێرش بکەنە سەر پارێزگای سەعدە، بەڵام هێزە ئاسمانییەکانی یەمەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی میلیشیاکانی تێک شکاند و نەیهێشت ئامانجەکەی بپێکێ.
کارناسانی ڕێکخراوی نێونەتەوەیی دەڵێن: ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە کە بەدەست میلیشیا حووسییەکانەوەیەوە، پارچەکانی لە وڵاتانی دەرەوە هەناردە دەکرێن و لەلایەن کارخانەی پیشەسازیی ئاسمانیی ڕێژیمی ئێرانەوە مۆنتاژ دەکرێ و دەخرێتە بەردەستی میلیشیاکانی حووسی.