لە درێژەی پەیوەستبوونی ڕۆڵە ئازا و بوێرەکانی کورد بە جەرگەی خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد، دەورەی ٢٤٤ی سەرەتایی پێشمەرگە، لە یەکێک لە بنکەکانی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەڕێوە چوو.
پاشنیوەڕۆی ڕۆژی شەممە ١٥ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، ڕێوڕەسمی کۆتاییهاتنی دەورەی ٢٤٤ی سەرەتایی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە یەکێک لە بنکەکانی دەفتەری سیاسیی حیزب بەڕێوەچوو و ڕێوڕەسمەکە سەرەتا بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب، ڕێژەی پێشمەرگەکانی دەورە و چەند ساتێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستیپێکرد و پاشان بەڕێز مەنسوور مروەتی، ئەندامی ڕێبەری حیزبی دێموکراتی کوردستان بەو بۆنەیەوە چەند وتەیەکی پێشکەش کرد.
بەڕێز مەنسوور مروەتی، لە دەسپێکی وتەکانیدا وێڕای پیرۆزبایی لەو پۆلە لاوە نیشتمانپەروەرەی دەورەی ٢٤٤ی فێرگەی پێگەیاندنی پێشمەرگە بۆ لەبەرکردنی بەرگی پڕ لە شانازیی پێشمەرگانە، باسێکی لەسەر شوناسخوازیی نەتەوەی کورد و بە وردی باسی گرینگی زمان و کلتووری نەتەوەی کوردی کرد و وتی: کۆماری ئیسلامیی ئێران بە درێژایی مێژوو هەوڵی لەناوبردنی زمان و کلتووری گەلی کوردی داوە، بەڵام نەتەوەی کورد قەت ئەو مەیدانەی بۆ پیلانەکانی ڕێژیمی داگیرکەری کۆماری ئیسلامی چۆڵ نەکردووە و لاوانی نیشتمانپەروەری کورد بەردەوام لە مەیدانی خەباتدان و زمان و ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان دەپاریزن.
بەڕێز مروەتی لە درێژەی وتەکەیدا وتی: هێزی پێشمەرگەی کوردستان هەمیشە لە مەیدانی بەرگریدان بەدژی پیلانەکانی کۆماری ئیسلامی و ناهێڵن شوناسی گەلی کورد بسڕێتەوە و هاتنی پۆلێکی دیکە لە لاوانی نیشتمانپەروەر و ئازادی خوازی نەتەوەی کورد، وڵامێکە بۆ سەرەڕۆییەکانی کۆماری ئیسلامی کە بە هیچ شێوەیەک ناتوانێ زمان و کلتووری کورد بسڕێتەوە و هێزی پێشمەرگە ئەو هێزەیە کە لە مەیدانی خەباتدا بەرگری لە ماف و شوناسی نەتەوەی کورد لە ڕۆأهەڵاتی کوردستان دەکا.
شایانی باسە کە ڕێوڕەسمەکە بە گۆرانی، سروود، خوێندنەوەی پەیامی بەشدارانی دەورە و ڕیزلێنان و بەخشینی خەڵات لەلایەن ڕێزدار “عوسمان ئەفشین ” فەرماندەی تێکۆشەری ڕۆژە سەختەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بە چەند پێشمەرگەیەکی دەورەکە درێژەی کێشا و بە هەڵپەڕکێ و شایی پێشمەرگانە کۆتایی پێهات.