پاش تێکهەڵچوون و تەقەیەکی زۆر لە ناوچەی سەوزی بەغدا، هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژیی، بۆسەر شوێنی نیشتەجێبوونی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ناوبراو و ٥ کەس لە پاسەوانەکانی برینداربوون.
بنکەی هەواڵدەریی دەوڵەتی عێراق، بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، لە بەیاننامەیەکدا بە فەرمی هێرش بۆسەر سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە ” مستەفا کازمی” پشتڕاست کردەوە و ڕایگەیاند کە شوێنی ژیانی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق، بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لە جۆری خۆکوژیی” ئینتحاری” هێرشی کراوەتە سەر و ناوبراو لەو هەوڵە تێرۆریستییە ڕزگاری بووە و ٥ کەس لە پاسەوان و پارێزەرەکانی برینداربوون.
پاش ئەو هێرشە تێرۆریستییە بێئاکامە بۆسەر گیانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ناوبراو لە توڕی کۆمەڵایەتیی تویتێر نووسی: “من بەردەوام ئامادەم لەپێناوی عێراق و پاراستنی سەروەری خاکی ئەو وڵاتە گیانی خۆم ببەخشم و هێرشی تێرۆریستان بۆسەر من ناتوانێ لە خزمەت بە عێراق پاشگەزم بکاتەوە.