دەزگای زانیارییەکانی کوەیت، ٤ کەسی بە تۆمەتی سپیکردنەوەی پارە بۆ حیزبوڵای لوبنان و ئەندامگیری بۆ پەیوەستبوون بە چالاکییە تێرۆریستییەکان و قاچاخی ماددەی هۆشبەر لە سووریە و یەمەن دەسبەسەر کردووە.
ڕۆژنامەی” ئەلسیاسییە” لە زاری سەرچاوەیەکی نزیک لە وەزارەتی نێوخۆیی وڵاتی “کوەیت”ەوە، ڕۆژی شەممە ١٥ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە کە دەزگای زانیارییەکانی ئەو وڵاتە زانیاریگەلێکی سەبارەت بەو ٤ کەسە لە وڵاتێکی دۆستەوە بەدەست گەیشتووە کە ئەو چوار کەسە خەریکی سپیکردنەوەی پارە و ئەندامگیری بۆ پەیوەستبوونی لاوەکان بە مەبەستی کردەوەی تێرۆریستی و قاچاخی ماددەی هۆشبەرن بۆ گرووپی حیزبوڵای لوبنان.
لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە یەکێک لە دەسبەسەرکراوان، کوڕی نوێنەریکی پێشووی پەرلەمانی لوبنان و یەکێکی دیکەیان برای نوێنەرێکی پێشووتری پەرلەمانی لوبنانە کە لەلایەن دەزگای زانیارییەکانی وڵاتی کوەیتەوە دەسبەسەر کراون.