وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە پێوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی ڕووسیە و چین رایگەیاندووە کە لە وتووێژە ناوکییەکانی داهاتوودا لە ڤییەن سوورتر دەبین لەسەر داواکارییەکانمان و دەبێ خواست و ویستەکانی ئێران جێبەجێ بکرێ.
حوسێن ئەمیرعەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی شەممە ١٥ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، لە پێوەندییەکی تەلوفۆنیدا لەگەڵ “سێرگەی لاورۆف” و “وانگ ئی” وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی رووسیە و چین، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئێران لە وتووێژە ناوکییەکانی داهاتوودا سوورتر دەبێ لەسەر داواکارییەکانی و بەروپێشچوونی وتووێژەکان پێوەندی بە لایەنە ئورووپاییەکان و ئەمریکا هەیە و دەبێ خۆبوێرن لە زیدەڕەوی و ئەو گەڵاڵانەی کە پێوەندییان بە رێککەوتنی ناوکییەوە نییە، نەکەن بە بەشێک لە وتووێژەکان.
وەزیری دەرەوەی ڕێژیم لە درێژەدا وتی: ئەمریکا دەبێ هەڵەکانی پێشووتری بە لابردنی هەموو گەمارۆکانی سەر ئێران ڕاست بکاتەوە و بیسەلمێنێ کە بەڕاستی دەیهەوێت لەگەڵ ئێراندا بگات بە ڕێککەوتن.
ناوبراو هەروەها ڕایگەیاند کە ئەگەر ئەمریکا بە شێوەیەکی گشتیی بگەڕێتەوە بۆ بەڵێنەکانی لە ڕێککەوتنی ناوکیی و داواکاری زیاتری نەبێ، بێگومان کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش پێبەند دەبێ بە هەموو بەڵێنەکانی لە ڕێککەوتنی بەرجام.