یەکیەتیی ئورووپا ڕایگەیاندوە کە خولی نوێی دانوستانە ئەتومییەکان بۆ ژیاندنەوەی بەرجام لە ڕۆژی ٨ی سەرماوەزەوە دەست پێ دەکرێنەوە.
دیاریکردنی وادەی نوێ بۆ دانوستانەکان پاش چەند مانگ پەکخستنی لەلایەن ئێرانەوە دژبەری خۆیشی هەیە، وەک چۆن ١٧ نوێنەری کۆماریخوازی ئەمریکا داوایان لە سەرۆککۆماری وڵاتەکەیان کردووە دانوستانە ئەتومییەکان لەگەڵ ئێران ڕابگرێ. ئەوان دەڵێن کۆماری ئیسلامی بە درۆن هێرشی ئامانجداری کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە خاکی سووریەدا، بەڵام بایدەن لەپێناو ڕێککەوتن لەگەڵ ئێراندا چاوپۆشی لەو دەستدرێژییانەی کۆماری ئیسلامی کردووە. هاوکات ڕۆژنامەی “جوان”، سەر بە سپای پاسداران نووسیویەتی کە پاشکەوتی ئۆرانیۆمی سەتای ٦٠ی ئێران گەیوەتە ٢٥ کیلۆ و توانای بەرزی مووشەکی و هەڵکشانی زەرفییەتی ئەتومیی ئێران، پێگەی کۆماری ئیسلامیی لە دەسپێکی وتووێژەکاندا بردۆتە سەرێ.
ئەگەرچی کۆماریخوازانی ئەمریکا بایدێن بە هەڵکردن و نەرمینواندن لەگەڵ ئێران تاوانبار دەکەن، بەڵام نێد پرایس، وتەبێژی کۆشکی سپی ڕایگەیاندووە کە ئەمریکا ئامرازی گوشاری زۆرباشی لەدژی کۆماری ئیسلامی هەیە کە بەشێکیان پێشتر تاقی کراونەتەوە و بەشێکی دیکەشیان لەنێو دەقی ڕێککەوتن و دەرەوەی ڕێککەوتندا خۆ دەبیننەوە.