“کاوە مەدەنی” کارناسی ژینگە لە وتووێژێکدا لەگەڵ گۆڤاری “نەشناڵ” بارودۆخی کەمئاویی ئێران و سووریە وەک یەک بەراورد دەکا و دەڵێ، ئەو شەڕە نێوخۆییەی بەهۆی کەمئاوی لە سووریە ڕوویدا لە ئێرانیش ڕوودەدات؛ مەدەنی جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ئێران لە بارودۆخی قەیرانی کەمئاوی دایە و مەترسی “بە سووریەیی بوونی”، چاوەڕێی ئێران دەکات و قەیرانی کەمئاوی ئێران هاوشێوەی سووریە بەرەو شەڕی نێوخۆیی دەبات.
ناوبراو جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە قەیرانی کەمئاوی لە سووریە بەهۆی ناکارامەیی بەرپرسانی ئەو وڵاتە لە کونتڕۆڵی قەیرانەکە کە بەهۆی چەند دەیە وشکساڵی ڕووی دا، لەنێوچوونی کاری وەرزێڕان، چۆڵکردنی گوندەکان و ناڕەزایەتی گشتی و لە ئاکامدا شەڕی نێوخۆیی لێکەوتەوە و هۆشداریدا کە ئێرانیش لە سەرەتای ئەو ڕێگەیە و ئاکامێکی لەوە باشتری بۆ چاوەڕوان ناکرێ.
پرسی ئاو لە ئێران بەرەو قۆناخێکی مەترسیدار دەڕوات و زۆرێک لە “ئێکۆسیستم”ــەکانی ئەم وڵاتە بەرەو لەنێوچوون دەبات و دەرفەتی دەربازبوونیان نامێنێ؛ لەئێستادا چۆڵکردنی ناوچە بیابانییەکانی ئێران لە ناوەندی ئەو وڵاتە بەرەو ناوچەکانی باکوور و ڕۆژاوای ئێران و گواستنەوەی ئاوی کوردستان بۆ ناوەندی ئێران یەک لە پیلانەکانی ڕێژیم بۆ تێکدانی سروشتی کوردستان و گۆڕینی دێموگرافیای کوردستانە. ناکارامەیی بەرپرسانی ڕێژیم، سازکردنی لە ڕادەبەدەری بەنداو، گۆڕینی ڕێرەوی چۆمەکان، هەڵکەندنی کانزاکان و چاڵە نەوتەکان کە پێویستی بە ئاوی زۆرە ئەم قەیرانەی لە ئێران سازکردووە.