“مەجید ڕەزا حەریری”، بەرپرسی ژووری بازرگانیی ڕێژیم و چین، دەڵێ: ئابووری ڕێژیمی ئێران لە مەترسیدارترین کاتی ٤٠ ساڵ مێژووی خۆیدایە و ئەگەری ڕوودانی هەڵاوسانێکی گەورە و گرانی لە ڕادەبەدەری شتومەکی خواردەمەنی هەیە.
ناوبراو ڕۆژی هەینی ١٤ـی خەزەڵوەر بە هەواڵدەریی کاری ئێران “ئـیلنا”ـی ڕاگەیاند: ئەگەر هەڵاوسان پاڵ بدات بە ٥٠ یا ٦٠ لەسەت چیدیکە پێشی پێناگیردرێ و هەر بڕیارێکی نابەجێ بدرێ بارودۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات، ناوەندی ئاماری ڕێژیم لە سەرەتای مانگی خەزەڵوەری ١٤٠٠دا نرخی هەڵاوسان و گرانیی شتومەکی خواردەمەنی بە بەراوەرد لەگەڵ خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو نزیک بە ٦١.٤ لەسەت ڕاگەیاندووە و لە ئامارێکی دیکەدا کە لەلایەن ناوەندی ئاماری وەزارەتی کارەوە دەرچووە ئاماژە بەوە دەکات کە لە حەشیمەتی ٨٥ میلیۆن کەسیی ئێران ٢٦ میلیۆن و ٧٠٠ هەزار کەس لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین کە زۆربەی بنەماڵەی کرێکارەکانن.
جێی ئاماژەیە ناکارامەیی و سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی و گەندەڵیی لە ڕاددەبەدەری بەرپرسان و هەروەها گەمارۆ ئابووریەکانی سەر ڕێژیم لە تەنیشت پەتای کۆرۆناوە دەستیان داوەتە دەستی یەک تاکووداڕمانی ئابووریی ئێران ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر پەرەبستێنێ.