کۆماریخوازەکانی ئەمریکا، پاش هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ڕێژیمی ئێران بۆسەر بنکەی سەربازیی”ئەلتەنف” لە سووریە کە شوێنی نیشتەجێبوونی هێزەکانی ئەمریکایە، داوایان لە جۆبایدێن سەرۆککۆماری ئەمریکا کردووە کە کۆتایی بە وتووێژە ناوکییەکان لەگەڵ ئێران بهێنێ.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی” واشینگتۆن فری بیکەن” ڕۆژی هەینی ١٤ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، ١٧کەس لە ئەندامانی کۆماریخوازی کۆنگرەی ئەمریکا لە نامەیەکدا بۆ کۆشکی سپی، دەوڵەتی “جۆبایدێن”یان بەوە تۆمەتبار کردووە کە لە پێناو دووبارەکردنەوەی ڕێککەتنی ناکیی لەگەڵ ڕێژیمی ئێراندا، چاوپۆشی لە هێرشەکانی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران بۆسەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکا.
کۆماریخوازەکان لەدرێژەی نامەکەیاندا ڕووبە جۆبایدێن دەڵێن: دەبێ دەوڵەتی ئەمریکا درێژە بە سیاسەتی ئەوپەڕی گوشار بدا و بە سەپاندنی گەمارۆی زیاتر لەسەر ئەو رێژیمە تێرۆریستە کۆماری ئیسلامی ئێران لاوازتر بکا، بە پێچەوانەوە و بەلابردنی گەمارۆکان لەلایەن ئەمریکاوە، ئەمریکا لاوازتر دەبێ و ڕێژیمی ئێران سەرەڕۆتر.
کۆماریخوازەکان لە کۆتایی نامەکەیاندا سەرەڕای ئاماژە بە سەرەڕۆییەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکەدا و هێرشە بەردەوامەکانی بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێن: لەکاتێکدا ئەمریکا بەردەوامە لەدرێژەی وتوێژەکان لە گەڵ گەورەترین پشتیوانی گرووپە تێرۆریستییەکان لە جیهاندا، ڕێژیمی ئێران بەردەوام هێرش دەکاتە سەرمان و بەم هەوڵە تێرۆریستییانەی پەیامێکی مەترسیدار دەنێرێ بۆ دۆست و دوژمنەکانمان.