بەشێک لە خوێندکارانی زانکۆ تاران لە هەنگاوێکی یەکدەنگدا، بە جلوبەرگی جەژنی کۆتایی خوێندن لەبەردەم دەرگای زانکۆی تاران سەرپۆشیان لە سەری خۆیان لابرد.
ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی خەزەڵوەر، پاش کۆتاییهاتنی قۆناغی خوێندکاری لە زانکۆ، ئەم خوێندکارە کچانە بە یەکدەنگی و دژ بە سیاسەتی ڕێژیم لە سیستمی پەروەردە و جیاوازییدانان لەنێوان کچ و کوڕ لە خوێندندا، بەلابردنی ڕووسەری و گرتنی وێنە ناڕەزایەتی خۆیان دەربڕی.
بڵاوبوونەوەی ئەم وێنە کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە و بەرپرسانی زانکۆ بڕیاری بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەیان داوە و وتوویانە کە لەگەڵ کەسانی تاوانبار هەڵسوکەوتی پێویست ئەنجام دەدەن.
شایانی باسە کە ئەم شێوە مەدەنییە بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی، بووە بە جێی مەترسیی ڕێژیم و بە چاوێکی ئەمنییەتی دەڕوانێتە خوێندکاران و لاوانی وڵات کە هیوای دواڕۆژ و بەردی بناخەی کۆمەڵگان.