بەرپرسانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا چەواشە و پڕوپاگەندەکانی سپای تێرۆریستیی پاسداران لەسەر وەرگرتنەوەی پاپۆڕێکی نەوتهەڵگری ڕێژیمی ئێرانیان بە درۆ خستەوە.
بەپێی هەواڵدەریی “ڕۆیتێرز”، ڕۆژی چوارشەممە، ١٢ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، بەرپرسانی وەزارەتی بەرگریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا درۆ و چەواشەکارییەکانی سپای تێرۆریستیی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لەسەر ئەوەی کە هێزەکانی ئەمریکا هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی پاپۆڕێکی نەوتهەڵگری ئێرانیان داوە و لەلایەن هێزەکانی سپاوە گیراوەتەوە، ڕەت کردەوە.
جان کێربی، وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) لەم بارەیەوە ڕایگەیاندووە: “من چەواشەکارییەکانی ئێرانییەکانم بینیوە، بەڵام ئەو چەواشە و پڕوپاگاندانەی ڕێژیمی ئێران بە تەواوەتی درۆن و دوورن لە ڕاستی”.
پێشتر سپای تێرۆریستیی پاسداران و میدیاکانی ڕێژیمی ئێران بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەکی مۆنتاژکراو لە ڕاپۆرتێکی چەواشەکارانەدا ڕایانگەیاندبوو کە هێزەکانی ئەمریکا لە کەنداوی “عومان” پاپۆڕێکی نەوتهەڵگری ڕێژیمی ئێرانیان خستووەتە ژێر چاوەدێری و لێی نزیک بوونەتەوە و ویستوویانە دەستی بەسەردا بگرن کە لەلایەن هێزەکانی سپاوە وەرگیراوەتەوە.
بەرپرسانی ئەمریکایی وێرای ڕەتکردنەوەی ئەو چەواشەکارییانە، ڕایانگەیاند؛ ئەو پڕوپاگەندانەی ڕێژیمی ئێران کە ئێستا بڵاو بوونەتەوە، هی ڕۆژی ٢٤ی ئوکتۆبرن و بە شیوەی مۆنتاژکراو بڵاویان کردووەتەوە.
هەر لەم پێوەندییەدا هەواڵدەریی “ئاسۆشێتێدپرێس” لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە کە ڕێژیمی ئێڕان لە کەنداوی “عومان” دەستیان بەسەر پاپۆڕێکی نەوتهەڵگری وڵاتی وێتنامدا گرتووە و تاکوو ئێستاش هۆکارەکەیان ڕانەگەیاندووە، سیستمی شوێنهەڵگری ئەو پاپۆڕە ڕۆژی سێشەممە ١١ی خەزڵوەر، لە نزیک “بەندەر عەباس” دواهەمین ڕاپۆرتی خۆی بۆ بنکە پێوەندیدارەکانی وڵاتەکەی ناردووەتەوە.