“ئەمیر جەعفەرزادە” بەرپرسی مانگی سووری ڕێژیم لە شاری مەهاباد ڕایگەیاندووە کە ١٣ ماڵ لە مهاباد تووشی زەرەر و زیانێکی قورس هاتوون.
پاش بارینی باران لە ڕۆژی چوارشەممە ١٢ـی خەزەڵوەری ١٤٠٠ـی هەتاوی لە شاری مەهاباد و هەستانی لافاو، کەمتەرخەمی و ناکارامەیی مودیریەتی قەیران لەلایەن بەرپرسانەوە لەم شارە زۆرتر ئاشکرابوو؛ جەعفەرزادە بەرپرسی ڕێکخراوی مانگی سوور لە شاری مەهاباد ئاماژە بەوە دەکات کە خەسارێکی زۆر لە سیمای شار و ١٣ خانوو لە شەقامی ڕووناس لە مەودای ١٠ کیلۆمیتری نێوان شوعبە تا گەڕکی موکریان کەوتووە.
شارەزایانی بواری ژینگەیی، شارسازیی ناستاندارد و گرینگینەدان بە پێوەرە ژینگەییەکان و هەروەها گەندەڵیی سیستماتیک لە شارەداریی و شۆرای شاری مەهاباد بە هۆکاری سەرەکیی گۆڕینی ڕووداوە سروشتییەکان بە کارەساتی مرۆیی دادەنین.
بەپێی زانیارییەکان لایەنە بەرپرسەکان کەمترین بەشدارییان لە دەربازکردنی خەڵک و ماڵە زیان لێدراوەکان بووە و خەڵکی شار و کەسانی مەدەنی هاتوون بە هانای خەڵکەوە و یارمەتی بنەماڵە لێقەوماوەکانیان داوە.