بەیتبێژ و گۆرانیبێژی میللی و بەهەڵوێستی کۆمەڵانی خەڵک “عەباس مستەفازادە” ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، سەرلەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ۱۲ی خەزەڵوەر، بەیتبێژ و گۆرانیبێژی میللی عەباس مستەفازادە ناسراو بە “عەباس ماتۆڕی”، خەڵکی شارەدێی تورجان سەر بە شاری بۆکان بەهۆی تووشبوون بە نەخۆشیی کوڕۆنا ماڵاوایی لە ژیان کرد.
عەباس مستەفازادە لە گەشەی بواری کولتووری و ڕاکێشانی سەرنجی خەڵکی کوردستان بۆ لای بەیت وەک بەشێکی ڕەسەنی فەرهەنگ و چاندی کوردی، ڕۆڵی بەرچاوی گێڕاوە و چەندین بەرهەمی لەپێناو زیندوو ڕاگرتنی بەیتە بەناوبانگەکانی کوردی تۆمار کردووە و گۆرانییەکانیشی بە زمانێکی خۆماڵی ڕەنگدانەوەی ئازار و بەشمەینەتییەکانی چینی چەوساوەی کوردستان بوو.
شایانی باسە، هونەرمەند عەباس مستەفازادە، جیا لە گۆرانیبێژی و بەیتبێژی، لە بواری شانۆ و ئەکتەریشدا چالاک بوو و لە چەندین شانۆ و فیلمی کوردیدا بەشداریی کردووە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەبۆنەی کۆچیدوایی خوالێخۆشبوو عەباس مستەفازادە، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزیان و کەسوکاری و سەرجەم هۆگرانی موسیقی و کولتووری ڕەسەنی کوردی لە کوردستان دەکا و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێ.