بەرپرسی بنکەی هێزە هاوبەشەکانی ئەرتەشی ئەمریکا، سەرەڕای ئاماژە بە هەڕەشە و مەترسییەکانی ڕێژیمی ئێران بۆسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، وتی: ئەمریکا ئامادەیە کە وڵامی هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران بداتەوە.
ژێنێراڵ مارک میلی، بەرپرسی هێزە هاوبەشەکانی ئەرتەشی ئەمریکا، ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، لە کۆبوونەوەیەکی ئەمنییەتیدا و لە کاردانەوە بە ڕووداوەکانی حەوتووی ڕابردوو، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئێران نایهەوێت ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی ئەمریکا ببێتەوە لەبەرئەوەیکە چاک دەزانێ کە ئاکامی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەمریکا بە قازانجی ڕێژیمی ئێران نابێ.
ناوبراو بە ئاماژە بە هەوڵە تێکدەرانەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکەدا بەدژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان وتی: ئەم هەوڵانەی ڕێژیمی ئێران تێرۆریستییە و ئەرتەشی ئەمریکا چاوەڕێی بڕیاری سەرۆککۆمارە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و وڵامدانەوەی هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران.
بەرپرسی بنکەی هێزە هاوبەشەکانی ئەرتەشی ئەمریکا لە درێژەدا ڕایگەیاند کە ڕێژیمی ئێران، هەڕەشەیە بۆسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە بەتایبەتی لە عێراق و ئەگەر پێویست بکا بۆ وڵامدانەوەی ئەو هەڕەشانە ئەرتەشی ئەمریکا ئامادەیی تەواوی هەیە و دەتوانێ بە خێراترین کات کاردانەوەی سەربازیی بەرانبەر رێژیمی ئێران هەبێ.