“کەماڵ هادیانفەر”، سەرۆکی پۆلیسی رێگاوبانی ڕێژیم دەڵێ: یاسا ئیزنی بە ژنان نەداوە مۆڵەتی لێخوڕینی ماتۆڕ وەربگرن.
هادیانفەر، ئاماژەی بەوە کردووە کە هەر ژنێک ماتۆڕ لێبخوڕێت، کارێکی نایاسایی کردووە، چونکە ئەوان ئیزنیان نییە و ئەگەر پۆلیس لەکاتی لێخوڕینی ماتۆڕدا بیانبینێت، سزایان دەدات؛ بەگوتەی ئەم بەرپرسەی ڕێژیم، گۆڕینی ئەم دۆخە پێویستی بە گۆڕانکاری لە یاسادا هەیە، چونکە یاسای ئیزنی لێخوڕینی ماتۆڕ تەنیا باسی لە پیاوان کردووە.
لەلایەکی دیکەوە “حوسێن ڕەحیمی”، فەرماندەی پۆلیسی تاران پێشتر ڕایگەیاندبوو، هەر ژنێک لەپشت نەفەرەوە لەسەر ماتۆڕەوە دانیشێت و ڕێوشوێنە ئایینییەکان ڕەچاو نەکات، سزا دەدرێت.
لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕێژیمدا ڕێگە بە ژنان نادرێ لە شوێنە گشتییەکاندا تەنانەت دووچەرخە سواریش بکەن، بەپێی یاسا و لە ڕوانگەی کەسایەتییە ئایینییەکانەوە دووچەرخەسواری ژنان “حەرامە” و ئەگەر پۆلیس ژنێک لەکاتی لێخوڕینی دووچەرخە ببینێت، ڕێکاری یاسایی بەدژی دەگرێتەبەر.