ئەندامێکی کۆمیسیۆنی فەرهەنگیی وەزارەتی زانیاریی و فەرهەنگی تاڵیبان لە کاردانەوە بە بەیاننامەی دانیشتنی دراوسێکانی ئەفغانستان لە ئێران کە جەختیان لەسەر پێکهێنانی حکومەتێکی گشتگیر و فرەنەتەوە لە ئەفغانستان کردبووەوە، ڕوو بە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران وتی: ئەگەر پێکهێنانی حکومەتی گشتگیر نەتەوە باشە، بۆچی خۆتان لە ئێران حکومەتێکی فرە نەتەوە پێک ناهێنن.
شەهاب لیوال، ئەندامی کۆمیسیۆنی فەرهەنگیی گرووپی تاڵیبان، ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، لە وتووێژێکدا لەگەڵ کاناڵی “تلووع نیوز” سەرەڕای ڕەخنەگرتن لە بەرپرسانی باڵای ئێران وتی: بۆچی کەمە نەتەوەکان وەک کوردەکان، لۆڕەکان، بەلووچەکان و ئایینەزاکانی دیکە لە ئێران پشتگوێ دەخەن و حکومەتێکی دیکتاتۆرتان پێکهێناوە.
ناوبراو لە درێژەدا دەڵێ: لە سەتا ٤٠ی خەڵکی ئێران سوننە مەزهەبن، بەڵام دەسەڵاتدارانی شیعە لە ئێراندا ئەوانیان پشتگوێ خستووە.
لیوال هەروەها ئێرانی بە ئاژاوەگێر لەهەمبەر ئەفغانستان تۆمەتبار کرد و وتی: ئێران لەلایەکەوە دەڵێ نابێ وڵاتانی ئورووپایی لە کاروباری نێوخۆیی ئێراندا دەستێوەردان بکەن، بەڵام لە دەستوپێوەندییەکانی وڵاتانی ئورووپایی لە ئەفغانستان پشتیوانی دەکا.