تێد کرووز، سێناتۆری کۆماریخوازەکان لە سێنای ئەمریکا، بەرانبەر بە قسەکانی سەعید خەتیبزادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران دژکردەوەی توندی نیشان دا.
ڕۆژی سێشەممە، ١١ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، “تێد کرووز”، سێناتۆری ویلایەتی “تێگزاس” لەسەر لیستی کۆماریخوازەکان لە مەجلیسی سێنای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە لاپەڕەی تویتێری خۆی، وڵامی تویتێکی “سەعید خەتیبزادە”، وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ڕێژیمی ئێرانی داوەتەوە و ڕایگەیاندووە کە هەر ڕێککەوتننامەیەک کۆنگرەی ئەمریکا پەسەندی نەکات، هەڵدەوەشێتەوە.
ئەو سێناتۆرەی ئەمریکا لە بەشێکی تویتەکەیدا، وێڕای ئاماژەدان بە ناوەرۆکی تیرۆریستیی ڕێژیمی ئێران، نووسیویەتی: “هەرچەند کە وتەبێژی ڕێژیمی تیرۆریستیی ئێران وا دەزانێت کە پێڕەویکردن لە یاسای بنەڕەتی لە ئەمریکا، ئەمریکا دەکات بە ڕێژیمێکی ملهۆڕ، بەڵام سەرۆککۆماری ئێمە ئایەتوڵا نییە و ناتوانێت جیابیرانی سیاسی بکوژێت یان بیانخاتە بەندیخانەکانەوە”.
ناوبراو لە بەشیکی تری تویتەکەیدا سەرەڕای دژکردەوە و بەرپرچدانەوەیەکی توند بە تویتەکەی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیم، نووسیویەتی: “هەر جۆرە ڕێککەوتننامەیەک لەگەڵ ڕێژیمی ئێران کە لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی دەوڵەت و کۆنگرە نەبێت و ڕێک نەکەوین، سەرۆککۆماری کۆماریخوازی داهاتووی ئەمریکا هەڵیدەوەشێنێتەوە”.
پێشتر “سەعید خەتیبزادە”، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران بە بڵاوکردنەوەی تویتێکی سێناتۆر “تێد کرووز” لە لاپەڕەی تویتێری خۆیدا، دەسەڵاتداران و کاربەدەستانی ئەمریکای بە ملهۆڕ و سەرشێت ئەژمار کردبوو و نووسیبووی؛ دەبێت جۆ بایدێن، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە لە وتووێژی ناوکیی لەگەڵ بەرپرسانی ئێران بەڵێن و گەرەنتی بەڕێوەبردنی هەر ڕێککەوتننامەیەک بە ئێمە بدات.