ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان: زیاتر لە ٤ میلیۆن و ٤٠٠ هەزار کەس لە ئێران، ماددە هۆشبەرەکان بەکار دەهێنن.
حەمید سەرامی، بەرێوەبەری گشتیی لێکۆڵینەوە و پەروەردەی ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، ڕایگەیاندووە کە زیاتر لە ٤ میلیۆن و ٤٠٠ هەزار کەس لە ئێران گیرۆدەی ماددە هۆشبەرەکانن و تریاک، ماریجوانا و حەشیش، لەو ماددە هۆشبەرانەن کە زیاترین گیرۆدەبوویان هەیە.
ناوبراو دەڵێ: بەپێی دوایین ئامارەکان کە لەلایەن ناوەندەی ئامار ئەنجامدراوە نزیکەی ٣ میلیۆن کەس لە ئێران بە بەردەوامی ماددەی هۆشبەر بەکار دەهێنن و نزیکەی ١ میلیۆن و ٦٠٠ هەزار کەسیش جار جار ماددەی هۆشبەر بەکار دەهێنن و تەمەنی گیرۆدەبووانی ماددە هۆشبەرەکان لە ئێران لەنێوان ١٥ بۆ ٦٤ ساڵ دایە و نێونجیی تەمەنی تووشبووان ٢٣ ساڵە.
بەپێی زانیارییەکان لە ئێران ماددە هۆشبەرەکانی وەک تریاک، ماریجوانا، حەشیش، بەنگ، گراس، عەلەف و گوڵ، بەکار دەهێندرێ و لەنێو لاوان و مێرمنداڵان هۆگری بە ماریجوانا زیاترە.
جێی ئاماژەیە کە ڕیژیمی ئێران بۆ خۆی یەکێک لەو وڵاتانەیە کە بەردەوام خەریکی هاوردەکردن و هەناردەکردنی ماددە هۆشبەرەکانە و تووشبوون بەو بەڵا ماڵوێرانکەرەش یەکێکە لە سیاسەتەکانی خودی ڕێژیم و کارێکی کردووە کە دەستپێڕاگەیشتن و دابینکردنی ئەو ماددە هۆشبەرانە لە قوتابخانە و شوێنە گشتییەکان زۆر بە ئاسانی دەست دەکەوێ.