سەرلەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی ڕووداوێکی هاتوچۆ لەنێوان ئوتوبووس و ترێلییەکی بارهەڵگر لە جادەی سەقز – دیواندەرە ڕوویدا.
بەهۆی خراپی ڕێگاوبانەکانی کوردستان ڕۆژانە چەند بنەماڵەیەک داخدار دەبن و دوایین ڕووداوی هاتوچۆ، سەرلەبەیانی چوارشەممە لەنێوان ئوتوبووسی مسافیربەری ورمێ-کرماشان و ترێلییەک لە جادەی سەقز- دیواندەرە ڕووی داوە.
بەپێی زانیارییەکان شوفێری ئوتوبووسەکە دەسبەجێ گیانی لەدەست داوە و تاکاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە ١٦ کەس لە دانیشتووانی ئوتوبووسەکە برینداربوون کە باری تەندروستی هێندێک لە مسافیرەکان خراپە و بریندارانی ئەم ڕووداوە براونەتە نەخۆشخانەکانی شاری سەقز.
جێی ئاماژەیە کە ڕۆژانە بەهۆی خراپی ڕێگەوبانەکانی کوردستان ڕووداوی هاتووچۆ ڕوو دەدەن کە بێجگە لە خەساری ماڵی، چەندین بنەماڵەش داخدار دەکات.