وتەبێژی فەرماندەیی هێزی دەریایی ئەمریکا، سەرەرای هۆشداری لەهەمبەر زیادبوونی مەترسییەکانی ئێران لە ئاوە نیونەتەوەییەکاندا وتی: ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەو مەترسییانە پێویستی بە بەردەوامی هاوپەیمانیی نێونەتەوەییە.
تیم هاوکینز، وتەبێژی هێزی دەریایی ئەمریکا، ڕۆژی سێشەممە ١١ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی” شەرقولئەوسەت” وتی: ئێمە ئاگاداری مەترسییەکانی ڕێژیمی ئێران لە ئاوە نێونەتەوەییەکانین و بەردەوام جوڵەی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران لەژێر چاوەدێری وردی ئێمە دایە و بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکان لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە پێویستمان بە هاوپەیمانییەکی نێونەتەوەیی هەیە.
ناوبراو لە درێژەدا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە پاراستنی کەشتیڕانیی ئازاد بۆ دابینکردنی ئەمنییەت و سەقامگیری دەریایی لە ناوچەکەدا، یەکێک لە ئەرکە هەرە گرینگەکانی ئێمەیە کە زۆر بە وردی چاوەدێری دەکەین و ئیزن بە هێزی دەریایی ئێران نادەین کە کێشە بۆ کەشتیڕانیی ئازاد دروست بکات.
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لەم پێوەندییەدا پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ڕێژیمی ئێران بەردەوام مەترسی و هەڕەشەیە بۆسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان، ئاگاداری ئەم مەترسییانەن و ئامادەن بۆ ئەگەری بەرپەرچدانەوەی مەترسییە دەریاییەکان کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە دێنە ئاراوە.
شایانی باسە کە ئەرتەشی ئیسرائیل پێشتر رایگەیاندبوو کە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران، هێزی سەربازیی خۆی لە دەریای سوور زیاتر دەکات و ئیزن بە ئێران نادات کە کەشتیڕانی و بازرگانیی ئازاد لە ئاوە نێوەنەتەوەییەکاندا ڕووبەڕووی مەترسی بکاتەوە.