سێ ڕەوتی ئۆپۆزیسیۆنی دژ بە ڕێژیمی ئێران لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا بە ڕەخنەگرتن لە سیاسەتەکانی یەکیەتیی ئورووپا لەهەمبەر کۆماری ئیسلامیی ئێران، داوای هێنانە بەرباسی پێشلکردنی مافی مرۆڤ و تێرۆرێزمی دەوڵەتیی لە وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن دەکەن.
هاوپەیمانی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ، شۆرای دێموکراسیخوازانی ئێران و هاودەنگی و یەکیەتیی بۆ دەستەبەرکردنی ئازادی و یەکسانی لە ئێران، ڕۆژی سێشەممە ١١ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، لە نامەیەکی سەرئاواڵەدا بۆ جۆزێڤ بۆرێڵ، بەرپرسی سیاسەتەکانی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا، ڕایانگەیاند کە سیاسەتەکانی یەکیەتیی ئورووپا لەهەمبەر ڕێژیمی ئێران، سەرەڕای هەبوونی زانیاریگەلی پێویست لەسەر پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران، سیاسەتێکی هەڵەیە و بەردەوام یەکیەتیی ئورووپا هەوڵ دەدا دڵی ڕێژیمی ئێران ڕابگرێ و هەموو هەوڵەکانی ئەو یەکیەتییە بۆ وتووێژ لە بەرژەوەندی ڕێژیمی ئێران دایە.
لە درێژەی نامەکەدا هاتووە کە بەهۆی بارودۆخی ئێستا و پەرەسەندنی بەرنامەی ناوکیی ئێران و نزیکبوونەوەی ئەو ڕێژیمە لە دەسپێڕاگەیشتنی بە چەکی ناوکیی، پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران و ئاژاوەگێڕییەکانی ئەو ڕێژیمە و شەڕە بە وەکاڵەتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچەکە و جیهان لەلایەن کۆمەڵگەی جیهانییەوە لەبیر چۆتەوە.
ئەم سێ ڕەوەتە ئۆپۆزیسیۆنە دژبەرەی ڕێژیمی ئێران، داوایان لە بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا کردووە کە گەڵاڵەی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران بە تایبەتی تێرۆر، زیندان، ئەشکەنجە و ئیعدامی بەندکراوانی سیاسی وهەروەها کوشتنی ناڕازییانی شارەکانی ئێران، بکەن بە بەشێک لە وتووێژەکانتان لەگەڵ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
سێ هاوپەیمانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لە کۆتاییدا سەرەڕای ڕەخنەگرتنی توند لە سیاسەتەکانی یەکیەتیی ئورووپا لەهەمبەر ئێران، داوایان لەو یەکیەتییە کردووە کە لە وتووێژەکاندا زیاتر لایەنی خەڵکی ئێران بگرن و بوێرانە بەرگری لە پاراستنی مافی مرۆڤ لە ئێراندا بکەن.