ژنانی ئازادیخوازی کوردستان!
میوانانی به‌رێز!
سه‌ره‌تا به بۆنه‌ی ٢٤ی ره‌شه‌ممه،٧٠هه‌مین ساڵوه‌گه‌ری دامه‌زرانی یه‌کیه‌تیی ژنانی دێموکراتی کوردستان،پیرۆزبایی له سه‌رجه‌م ئه‌ندامان ولایانگرانی ئه‌م رێکخراوه‌یه ده‌که‌م.
به‌رێزان!
دامه‌زرانی کۆماری کوردستان له ساڵی ١٣٢٤ی هه‌تاوی سه‌ره‌رای ته‌مه‌نی کورتی گه‌لێک ده‌سکه‌وتی به نرخی بۆ هه‌موو چین و توێژه‌کانی کۆمه‌ڵگای کوردستان به دیاری هێنان،یه‌کیک له‌و ده‌سکه‌وته به نرخانه دامه‌زراندنی رێکخراوه‌یه‌کی تایبه‌ت به ژنان بوو،به ناوی یه‌کیه‌تیی یایانی کوردستان که ئێستا به ناوی یه‌کیه‌تیی ژنانی دێموکراتی کوردستان له خه‌بات دایه.دامه‌زرانی رێکخراوه‌یه‌کی ژنان له‌و سه‌رده‌مه‌دا که کۆمه‌لگای ئێران به گشتی و کۆمه‌لگای کوردستان به تایبه‌تی کۆمه‌لگایه‌کی سوننه‌تی و له باری فه‌رهه‌نگی و کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی له‌و په‌ری دواکه‌وتوویی دابوو و ژنان له هه‌موو چینه‌کانی تری کۆمه‌ڵگا زیاتر ده‌چه‌وسێنه‌رانه‌وه‌و زووڵمیان لێ ده‌کرا.هه‌ر بۆیه به دامه‌زرانی ئه‌و رێکخراوه‌یه ده‌رفه‌تێکی زێرین له‌به‌رده‌م ژنانی کورد دا کرایه‌وه و ژنان بۆ یه‌که‌م جار توانیان داخوازییه‌کانی خۆیان بێننه گۆرێ وله ته‌شه‌کوڵی تایبه‌ت دا بۆ ئامانجه‌کانیان خه‌بات بکه‌ن.
هاندانی ژنان و هێنانیان بۆ نێو تێکۆشانی سیاسی و فه‌رهه‌نگی و کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌گه‌ریته‌وه بۆ پێشکه‌وتوویی فیکری و دوربینی رێبه‌رانی کۆمار وله سه‌روی هه‌موویانه‌وه پێشه‌وای نه‌مر که له بنه‌ماڵه‌ی خۆیه‌وه ده‌ستی پێ کرد وبه‌و ره‌چه‌شکێنه‌ی که پێشه‌وا زیاتر له نیو سه‌ده پێش ئێستا کردی نه‌رێتێکی پیرۆزی بۆ رێره‌وانی خۆی و خه‌ڵکی کوردستان به‌جێ هێشت.هه‌ر بۆیه جێ خۆیه‌تی له‌و موناسبه‌ته‌دا ،سه‌ری رێزووه‌فا بۆ دامه‌زرێنه‌رانی یه‌کیه‌تیی ژنانی دێموکراتی کوردستان له سه‌رووی هه‌موویانه‌وه پێشه‌وای نه‌مر و مه‌رحوومی مینا خانمی قازی یه‌که‌م به‌رپرسی ئه‌و رێکخراوه‌یه ،دانه‌وێنین.
به‌ریزان!
له کاتێکدا یادی دامه‌زرانی یه‌کیه‌تیی ژنانی دێموکراتی کوردستان ده‌که‌ینه‌وه که جیهان به گشتی و رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌راست به قۆناغێکی سه‌خت و دشواردا تێده‌په‌رێ،تیرۆزیزمی نێو ده‌وله‌تی له جیهان به گشتی و له رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌راست به تایبه‌تی دژایه‌تی هه‌موو ئایین و نه‌ته‌وه‌یه‌ک به‌ربه‌ره‌کانی ده‌کا و له هه‌رچه‌شنه کرده‌وه‌یه‌کی دژی ئێنسانی سڵی نه‌کردووه.کوشت و کوشتاری خه‌ڵکی بێ دفاع له لایان ئه‌و ریکخراوه تێرۆریستانه بۆته هۆی کۆچی به کۆمه‌ڵی مرۆفه‌کان و رۆژنیه له گۆشه‌یه‌کی ئه‌م جیهانه قوربانی نه‌ستێنێ.بارودۆخی ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵات به ئاقارێک گه‌یشتووه که ده‌وله‌تان بیر له گۆرینی نه‌خشه‌ی رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌راست بکه‌نه‌وه و گۆرانکاری تێدابکه‌ن.خه‌بات و تێکۆشانی ژنانی جیهان به گشتی و ژنانی کورد له ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌راست به تایبه‌تی شکلێکی نویێ به خۆیه‌وه گرتووه و ژنانی کورد زیاتر له پێشووله هه‌موو بواره‌کانی ژیانی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگی و… له مه‌ێدان دان و له دامه‌زراوه‌کانی ده‌وله‌ت وه‌ک پارڵه‌مان وهێزی نیزامی و..هتد رۆڵی به‌رچاو ده‌گێرن و شان به‌شانی پیاوان له‌و خه‌باته‌دا زیاتر به‌ره‌و پێش ده‌چن.خه‌بات و تێکۆشانی ژنان له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان سه‌ره‌رایی به‌ربه‌سته‌کانی سیسته‌می کۆماری ئیسلامی له به‌رده‌م ژنان له ئێران به گشتی و له کوردستان به تایبه‌تی،ژنان له‌و به‌شه له کوردستان ده‌یان هه‌وێ مۆرکیان به سه‌رجه‌م رووداوه‌کانه‌وه بدن و حزوور و به‌شداری ژنان له چالاکییه مه‌ده‌نیه‌کانی وه‌ک،چالاکی ژینگه پارێزی،وه‌رزشی،هونه‌ری و به‌شداری له بزوتنه‌وه نه‌ته‌وه‌یه‌کاندا چه‌ندین نموونه‌ی زیندوو له خه‌بات و تێکۆشانی ژنان له رۆژهه‌ڵاتی کوردستانن.خه‌بات و تیکۆشانی ژنان له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان وێرای خه‌بات و تێکۆشانی ژنانی ئێران بۆ گۆرانکاری له یاسای دژه ژنی کۆماری ئیسلامی،شان به شانی ژنانی ئێران له‌و بواره‌و هه‌موو بواره‌کانی سیاسی،کۆمه‌ڵایه‌تی،فه‌رهه‌نگی و..هتد به‌رچاو بووه و هه‌رچه‌شنه بزوتنه‌ویه‌کی ئازادیخوازی له وڵات سه‌ری هه‌ڵدابێ ژنانی کورد پیشه‌نگی ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه بوون و له و پێناوه‌ش دا تووشی زیندان و ئازار‌و ئه‌شکه‌نجه هاتوون گیانیان لێ ئه‌ستیندراوه.ژنانی کورد له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان به چۆک دانه‌هاتوون و خۆراگرانه به‌ربه‌ره‌کانی بۆ مافه ره‌واکانی خۆیان ده‌که‌ن و له په‌نا ئه‌وه‌ش دا مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وایه‌تییان له بیر نه‌کردووه له‌و به‌ره‌یه‌ش دا تێده‌کۆشن و قوربانی ده‌ده‌ن.
یه‌کیه‌تیی ژنانی دێموکراتی کوردستان له‌م بۆنه پیرۆزه‌دا داوا له ژنانی ئێران به گشتی و ژنانی کوردستان به تایبه‌تی ده‌کا که هه‌روه‌کوو له رابردوو نیشانیان داوه له به‌رامبه‌ر هه‌رچه‌شنه زوڵم و زۆری کۆنه په‌ره‌ستانه دژ کرده‌وه له خۆیان نیشان بده‌ن و دیفاع له ماف و ئازادییه‌کانیان بکه‌ن وتا ده‌سته‌به‌ر بوونی مافه‌کانیان له خه‌بات نه‌وه‌ستن وله په‌نا ئه‌وه‌ش چاره‌نووسی گه‌له‌که‌یان له بیر نه‌که‌ن و بۆ رزگاری گه‌ڵ تێ بکۆشن.یه‌کیه‌تیی ژنانی دێموکراتی کوردستان پشتیوانی له خه‌باتی ره‌وایان ده‌کاو په‌یمان و به‌لێن له‌گه‌ڵ ژنانی کوردستان نوێ ده‌کاته‌وه که تا وه‌دیهاتنی ئامانجه به‌رز و ئینسانیه‌کانی ژنان،به پیشتیوانی حیزبی دێموکراتی کوردستان له تێکۆشان ناوه‌ستێ و به‌رده‌وامه له خه‌بات.له‌و بۆنه‌یه‌دا جێ خۆیه‌تی یه‌کیه‌تیی ژنانی دێموکراتی کوردستان سپاسی حیزبی دێموکراتی کوردستان بکا که پاڵپشت و رێنوێنی یه‌کیه‌تیی ژنان بووه،هه‌ربۆیه له‌م رۆژه په‌یمان و به‌ڵێن نوێ ده‌که‌ینه‌وه تا وه‌دیهاتنی ئامانجه پیرۆزه‌کانی حیزب و گه‌ڵ وه‌ک پشتیوانێکی به‌هێز و وه‌فاداری حیزب،له هیچ چه‌شنه فیداکاری وله‌خۆبردووییه‌ک ده‌ریغی ناکه‌ین.
پیرۆز بێ ٢٤ی ره‌شه‌ممه،حه‌فتایه‌مین ساڵوه‌گه‌ری دامه‌زرانی یه‌کیه‌تیی ژنانی دێموکراتی کوردستان.
٢٤ ی ره‌شه‌ممه‌ی ١٣٩٤ی هه‌تاوی
١٤ی مارسی ٢٠١٦ ی زایینی