گەندەڵیی سیستماتیکی بەرپرسان و کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران سەرجەم دامودەزگاکانی ئەو وڵاتەی تەنیوە و قوربانیی سەرەکیی ئەم گەندەڵییانەش تەنیا خەڵکی هەژاری ئەو وڵاتەن.
ڕۆژ لەدوای ڕۆژ گەندەڵیی سیستماتیکی کاربەدەستان و بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە سەرەوە تاکوو خوارەوە لە سەرجەم دامودەزگاکانی ئەو ڕێژیمە لە وڵاتی ئێراندا زیاتر پەرە دەستێنێت و دزیکردن و گەندەڵییەکان گەیشتووەتە ئاستێک کە تەنانەت خۆدی بەرپرسان و میدیاکانی ڕێژیمیش بۆیان ناشاردرێتەوە و ناتوانن پەرەدەپۆشی بکەن.
لەم پێوەندییەدا، هەواڵدەریی “فارسـ”ـی سەر بە سپای تیرۆریستیی پاسدارانی ڕێژیم ڕایگەیاندووە، کە چەندین کەس لە بەرپرسان و کاربەدەستان و فەرمانبەرانی بەڕیوەبەرایەتی شارەوانییەکان لە پارێزگای کرماشان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە هۆکاری گەندەڵی و دزیکردن، لەسەر کارەکەی خۆیان دەسبەسەر کراون.
بەرپرسی گشتیی بەڕێوەبەریی شارەوانیی پارێزگای کرماشان وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵە، ڕایگەیاندووە کە لە ماوەی ڕابردووشدا چەندین کەسی دیکەمان لە بەڕێوەبەریی شارەوانیی پارێزگای کرماشان هەر بەم هۆکارانەوە دەستبەسەر کردووە.
بەرپرسان و کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران لە درێژەی شەڕی باڵباڵێنی نێوان خۆیاندا، جیا لەوەی کە هیچ هەوڵێک بۆ کەمکردنەوەی دزیکردن و گەندەڵییەکان لە دامودەزگاکانی ئەو وڵاتە نادەن، بەڵکوو لە ڕقی یەکتردا، گەندەڵییەکانیان بە شێوەی سیستەماتیک زیاتر پەرە پێداوە و قوربانیی سەرەکیش تەنیا خەڵکی هەژاری وڵاتی ئێرانە.
شایانی باسە کە بە گەندەڵی سیستماتیک لە سەرەوە تاکوو خوارەوە، سەرجەم دامودەزگاکان لە هەموو پارێزگا و شار و ناوچەکانی ئەو وڵاتەی گرتووەتەوە و ئەم گەندەڵی و دزیکردنە سیستماتیکەی کاربەدەستانی ڕێژیم تەنیا لەسەر داهات و سامانی خەڵکانی هەژاری ئێرانە.