گۆڤاری “تایمـ”ـی ئەمریکایی بڵاوی کردووەتەوە کە ڕووبەڕووبوونەوەکانی ڕێژیمی ئێران و وڵاتی ئەمریکا چووەتە قۆناغێکی نوێتر و ئەگەری تێکهەڵچوونی سەربازیی ڕاستەوخۆ لەنێوانیاندا زیاتری کردووە.
حەوتوونامەی “تایمـ”ـی ئەمریکایی لە بابەتێکدا کە بە قەڵەمی “ئەیان برێمێر” نووسراوە و بە شیوەی سەرهێڵ بڵاو بووەتەوە، ئاماژەی بەوە کردووە کە دیپلۆماسیی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ڕێژیمی ئێران لە ئێستادا ڕاگیراوە و چاوەڕوانیی ئەوەی کە بەرپرسانی ئەو دوو وڵاتە لەسەر ڕێککەوتننامەی بەرجام بگەن بە ئاکامێکی گونجاو، کەمڕەنگتر بووەتەوە و ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی ڕاستەوخۆ لە نێوانیاندا پەرەی سەندووە.
نووسەر لە بەشێکی تری بابەتەکەیدا وێڕای شرۆڤەکردن و هەڵسەنگاندنی کردەوە و دژکردەوەکانی نێوان ڕێژیمی ئێران و ئەمریکا، نووسیویەتی: “بە هەڵسەنگاندنێک بۆ کردارەکانی ئەمریکا و دژکردەوەکانی ئێران و ئەو جۆرە ئاکارانەی دوو لایەن، ئەگەری ئەوە هەیە کە ئاکامەکەی هەڵوەشانەوە و نەمانی یەکجارەکیی بەرجام بێت.”
لە بەشیکی تری ئەو بابەتەدا هاتووە: “درێژەدانی سیاسەتی هەڕەشەئامێزانەی دوو لایەن، ئەگەری شەڕ و تێکهەڵچوونی سەربازی لە ناوچەکەدا زیاتر کردووە و ئەمەش بەپێی هەر پێوەرێک لێک بدرێتەوە بە قازانجی ئیسرائیل کۆتایی دێت. ئیسرائیل زۆر لە بەرنامەی ناوکیی ئێران بێزار و تووڕەیە و لە ڕاستیشدا هەر جووڵەیەکی ئێران وەکوو هەڕەشەیەکی جیددی دەبینێت “.
ئەیان برێمێر، لە کۆتاییدا دێموکراتەکانی بەوە تۆمەتبار کردووە کە دەوڵەوتی “جۆ بایدێن” و لایەنگرانی دێموکراتەکان لە بەرانبەر ئێران و زێدەڕۆییەکانی ئەو ڕێژیمە لە ناوخۆ و ناوچەکە و جیهاندا پێڕەوی لە سیاسەتی سازشکارانە دەکەن؛ هەروەها ڕایگەیاندووە کە ئیسرائیل لەوە نیگەرانە کە چڕکردنەوەی سیاسەتی دەرەکیی “جۆ بایدێن” و دەوڵەتی ئەمریکا لەسەر چین و لە بواری ئەمنییەتی و هەواڵگریشەوە لەسەر ڕووسیە، پاڵپشتیی ئیسرائیل لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەمتر بکاتەوە.