“فەرشاد مۆئمێنی”، بەرپرسی دامەزراوەی دین و ئابووری ڕایگەیاند: ڕادەی هەژاری لەنێوان ساڵی ١٣٩٦ تا ١٣٩٩ دوو بەرابەر بووە.
“فەرشاد مۆئمێنی”، بەرپرسی دامەزراوەی دین و ئابووری لە لێدوانێکدا ئاماژە بەوە دەکات کە ڕادەی هەژاری ئێستای خەڵکی ئێران لە ماوەی ١٠٠ ساڵی ڕابردوودا بێوێنە بووە و کۆچی خەڵک لە دێهاتەکەنەوە بۆ شار ئابووری ئێرانی شێواندووە؛ هاوکات بانکی ناوەندیی ڕێژیم هەواڵێکی بڵاوکردووەتەوە کە نزیک بە ٦ میلیۆن بنەماڵە لە ئێراندا کرێنشینن و ڕاپۆرتێکی ناوەندی ئاماری ڕێژیمیش باس لەوە دەکات کە ڕادەی هەڵاوسان لەمساڵدا بە بەراورد لەگەڵ ساڵی پێشوو زیاتر لە ٥\٤٧ لە سەد زیادی کردووە.
توێژینەوەکان باس لەوە دەکات کە لەماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا خەڵکی ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو هەژارتر بوونە و ژیانی مامناوەندی لە ئێراندا واتای نەماوە و خەڵک لە ٩٠ـەکانی هەتاوی دا بە بەراورد لەگەڵ ساڵەکانی ٨٠ی هەتاوی خواردنیان کەم و سفرەیان بچووکتر بووە و ئێستاش لە ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوی ڕادەی هەژاری لە ماوەی ١٠٠ ساڵی ڕابردوودا بێوێنە بووە.
هەر لەماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا لە سەتا ٢٥ی خەڵکی ئێران لە قەراخ شارەکاندا نیشتەجێ بوون و گوندەکانیان بە یەکجاری چۆڵ کردووە کە باس لە مەترسییەکی گەورەیە؛ پێشتر هێزی لاو بە هیوای کار گوند و دێهاتەکانیان بەجێ دەهێشت و ڕوویان لە شارەکان دەکرد بەڵام ئێستا دێهاتەکان بە یەکجاری چۆڵ دەکرێن.