دادگای پێداچوونەوەی وڵاتی بەحرەین بانکی ناوەندیی ڕێژیمی ئێرانی بە هۆکاری سپیکردنەوەی پارە جارێکی تر مەحکووم کردەوە و تاوانبارانی ئەو پەروەندەیەش بە یەک میلیۆن دیناری بەحرەینی سزا داوە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکانی وڵاتی بەحرەین، دادگای پێداچوونەوەی ئەو وڵاتە لەسەر بڕیاری دادگای بەرایی وڵاتی بەحرەین، جارێکی تر بانکی ناوەندیی ڕێژیمی ئێران و چەند بانکێکی تر کە لەم پەروەندەییەدا ئاماژەیان پێ کرابوو، بە هۆکاری سپیکردنەوەی پارە مەحکووم کردەوە.
لە مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵدا، دادستانی گشتیی وڵاتی بەحرەین ڕایگەیاند کە بڕیاری سزادانی بانکی ناوەندیی ڕێژیمی ئێران و دوازدە بانکی تر بە تاوانی سپیکردنەوەی زیاتر لە یەک میلیار و سێسەد میلیۆن دۆلار و هەروەها ڕەچاونەکردنی گەمارۆکانی سەر ڕێژیمی ئێران، ڕەوانەی دادگای تاوانەکانی ئەو وڵاتە کراوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان؛ دادگای پێداچوونەوەی بەحرەین جارێکی دیکە ئەو سزایەی پەسەند کردەوە و جیا لە بانکی ناوەندیی ڕێژیمی ئێران کە بە یەک میلیۆن دیناری بەحرەینی سزا دراوە، هاوکات تاوانبارەکانی تری ئەو پەروەندەیەش بە یەک میلیۆن دنیاری بەحرەینی سزا دراون؛ هەروەها شەش تاوانباری دیکە کە بەرپرسانی بانکی “ئەلموستەقبەلـ”ـی بەحرەینن، پێنجیان هەرکام بە ١٠ ساڵ و یەکیشیان بە پێنج ساڵ بەندکردن سزا دراون.