گۆڤاری ئێکۆنۆمیست لە بابەتێکدا باس لە مانۆڕی “ئاڵای شین” دەکات کە لە پایەگای ئاسمانیی “ئێوودا” لە بیابانی “نێگێب” بە ئامانجی هێرش کردنە سەر ڕێژیمی ئێران ئەنجام دراوە و دەڵێ گڕی ئاگری هەڕەشەکانی ئیسرائیل ڕوو لە ڕێژیمی ئێرانە.
“بەپێی ڕاپۆرتی ئێکۆنۆمیست فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئێف ١٦”ـی ئەمریکایی، “تایفۆن”ـی بریتانیایی و “ڕافائێل”ـی فەڕانسەوی، دووبەدوو لەسەر دەشتەکانی ئیسرائیل بۆ بەرەنگاری دژ بە دوژمنێکی نادیار بە ناوی “دراگۆن لەند” وەک تاقیکاری فڕین؛ دوژمن لەم شەڕەدا دەستکردە، بەڵام بۆ ئیسرائیل دوژمنی دەستکرد و دوژمنی ڕاستەقینە یەک مەترسییان هەیە و ئەم مانۆڕە بە شێوەی جیددی بەڕێوە چووە و ئامانج تەنیا ڕێژیمی ئێرانە، هەرچەند بەرپرسانی ئیسرائیلی ئەم مانۆڕە بە مانۆڕێکی گشتی ناو دەبەن، بەڵام ژێنڕاڵێکی ئیسرائیلی دەڵێ لەم مانۆڕە بەشێوەی جیددی ڕێگەکانی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ڕێژیمی ئێرانیش تەمرین کراوە.
مانۆڕەکە لەژێر ناوی “ئاڵای شین” لە پایەگای ئاسمانیی “ئێوودا” لە دەشتی “نێگێب” جۆرێک لە دیپلۆماسی نیزامیە و پیشاندەری ئەو ڕاستییەیە کە ئیسرائیل بۆ بەرەنگاری لەگەڵ ئێران چەند دۆست و هاوپەیمانی سەرەکی هەیە؛ لە مانۆڕی ئەمساڵدا ٧ وڵات بەشداربوون کە لەوانە وڵآتی “هێند”ـە کە بۆ یەکەمجار لەگەڵ وڵاتی ئیسرائیل بەشداری ئەم مانۆڕە بووە و فەرماندەی هێزی ئاسمانی وڵاتی “ئیمارات”ـیش وەکوو میوان بەشداری مانۆڕەکە بووە.
وڵاتانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا باس لەوە دەکەن کە ئەگەر ڕێژیمی ئێران نەگەڕێتەوە بۆسەر مێزی وتووێژ، ئەوە ڕێکاری دیکە بۆ چارەسەری کێشەی ناوکیی ڕێژیم زۆرە؛ لەم ماوەدا ئەمریکا مووشەکێکی بەهێزی تاقی کردووەتەوە و ئیسرائیلیش هاوکات لەگەڵ وتووێژ لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانی خۆی خەریکی تاقی کردنەوەی ڕێگەکانی هێرش کردنە سەر ڕێژیم و زۆرکردنی بودجەی نیزامیی خۆیەتی.
بۆ ئیسرائیل بەرنامەی ناوکیی ڕێژیم، چۆنیەتی هێرشکردن، دژکردەوەی ڕێژیمی ئێران و وڵامی ئەمریکا و هاوپەیمانەکان لە ناوچە و دنیا، گرینگی زۆری هەیە بەڵام هێڵێ سووری ئیسرائیل بە جوانی ڕوون نییە و تا کۆتایی ئەمساڵ ڕەنگە زۆر شت ڕوون ببێتەوە و ئیسرائیل بە کردەوە دژ بە سەرەڕۆیی ڕێژیمی ئێران بوەستێتەوە.