مامۆستا مەلا محەممەد غەفووری کەسایەتیی نیشتمانپەروەری کورد لە شاری سەقز ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، مامۆستا مەلا محەممەد غەفووری کەسایەتی دڵسۆز و خۆشەویستی گەلی کورد لە گوندی ساحێب سەر بە شاری سەقز بەهۆی نەخۆشییەوە، کۆچیدوایی کرد.
مامۆستا مەلا محەممەد غەفوری، هەوڵێكی زۆری دا شەڕ لە كوردستان هەڵنەگیرسێت و لە كوردستانیش ئاشتی و تەبایی لەنێوان لایەنە كوردییەكان بەرقەرار بێ؛ لەگەڵ ئەوەش پالپشتێكی گرینگی كۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو و بۆ نەوەی نوێ نموونەی كەسایەتییەكی رۆشنبیرو نەتەوەیی بوو كە گوێیان لە وتارەكانی ڕادەگرت و بە تامەزرۆییەوە بەشدارییان لە دانیشتن و كۆبوونەوەكانیدا دەکرد.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، كۆچیدوایی ماموستا مەلا محەممەد غەفوری بە خەسارێكی گەورە بۆ كۆمەڵگای مەدەنی و سیاسیی کوردستان دەزانێ و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری مامۆستا مەلا محەممەد غەفووری و خەڵکی شاری سەقز و هەموو کوردستان دەکا.