وڵاتی ئاڵمان لە ساڵی ٢٠٢٠ەوە هەموو چالاکییەکانی حیزبوڵای لەو وڵاتە قەدەغە کرد و وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتە ڕایگەیاند کە ٣ ئەنجومەنی لە وڵاتەکەی بەهۆی هاوکاریی دارایی بە میلیشیاکانی حیزبوڵا، داخست.
ڕۆژی دووشەممە ١٠ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، وەزارەتی ناوخۆی دەوڵەتی ئاڵمان ڕایگەیاند کە، ٣ ئەنجومەنی بە تاوانی هاوکاریکردنی ماڵیی میلیشیاکانی حیزبوڵای لوبنان داخست و ئەو ٣ ئەنجوومەنە جێگرەوەی ئەنجومەنێک بوون بە ناوی “پڕۆژەی بێسەرپەرستان” کە لە ساڵی ٢٠١٤دا لەو وڵاتە چالاکییەکانی قەدەغە کرابوو و دواتر گۆڕدرا و بە ناوی “ڕەنگەکان بۆ بێسەرپەرستان” چالاکی دەکرد.
ئەو ئەنجومەنانە بە بەکارهێنانی هەمان پێکهاتە، لە سەرچاوەکانی مرۆیی و ماڵیی خۆیان هاوکاریی گرووپی حیزبوڵای لوبنان کە سەر بە رێژیمی ئێرانن دەکەن و لە ئاڵمان بۆ ئەو مەبەستە بە ناوی خێرخوازییەوە خەریکی چالاکی بوون؛ وەزارەتی ناوخۆی ئاڵمان جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە، ئەو ٣ ئەنجومەنە لەژێر ناوی ئامانجی ئایینی و مرۆڤدۆستانەدا بۆ بنەماڵەی کوژراوانی حیزبوڵای لوبنان هاوکاریی ماڵی کۆ دەکەنەوە.