دوو هاووڵاتی لە شارەکانی سنە و مەریوان لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کران.
بەپێی هەواڵی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان (چاونیوز)، ڕۆژی یەکشەممە ٩ی خەزەڵوەری ١٤٠٠، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەریوان چالاکێکی ژینگەپارێزیی ئەو شارەیان بە ناوی “نەوید کۆنەپۆشی” دەسبەسەر کرد.
ئەو چالاکە ئەندامی ئەنجومەنی “سەوزی چیا”ی مەریوانە کە بەبێ بەڵگەی قەزایی لەلایەن ئەو هێزانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.
هەروەها لە شاری سنە، “ئازاد محەممەدی” چالاکی مەدەنی و لە هەڵسووڕاوانی بواری بەگژداچوونەوەی “ماددە سڕکەرەکان” لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە بە لێدان و بێڕێزی دەسبەسەر و دوای چەند کاتژمێر لێپرسینەوە ئازاد کرا.
شایانی باسە کە لە ماوەی مانگی ڕابردووی زایینی، لاینکەم ٣١ هاووڵاتیی کورد بە تۆمەتی چالاکی سیاسی و هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیم و چالاکی مەدەنی و مەزهەبی دەسبەسەر کراون و ٩ کەسیش سەرجەم سزای ٢١ ساڵ و ٣ مانگ بەندکرانیان بەسەردا سەپاوە.