پاش چوونەسەری ئاستی کێشەکانی ئیسرائیل و ئێران، ئەرتەشی ئیسرائیل کۆمەڵێک مانۆڕی سەربازیی یەک مانگەی لە سنوورەکانی باکووری ئیسرائیل کە هاوسنوورن لەگەڵ لوبنان، بەمەبەستی ئامادەکردنی هێزەکانی بۆ ئەگەری هێرش بۆسەر حیزبوڵای لوبنان دەستپێکردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی” جێرۆزاڵم پۆست” ڕۆژی دووشەممە ١٠ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، وتەبێژی ئەرتەشی ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە کە ئەم مانوڕە سەربازییە کە بە ” بەردی تاشراو” ناوبانگی دەرکردووە، هەموو هێزەکانی ئەرتەشی ئیسرائیل لە باکووری ئەو وڵاتە دەگرێتەوە کە ئامانج لەو مانۆڕە سەربازییە ئامادەیی و خۆتەیارکردنی ئەرتەشی ئیسرائیلە بۆ ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوە و شەڕ لەگەڵ حیزبوڵای لوبنان.
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە کە هێزی سایبێری ئیسرائیل هاوڕێ لەگەڵ هێزە ئیتلاعاتییەکانی ئیسرائیل بە مەبەستی سەرکەوتنی ئەرتەشی ئیسرائیل لەو مانوڕە سەربازییەدا بەشدارن.
جێگای ئاماژەیە کە ئەرتەشی ئیسرائیل جیاواز لەو مانوڕە سەربازییە کە لە سنوورەکانی باکوور بەڕێوەی دەبا، مانورێکی گەورەتری گشتیی هاوکات لە بەرەکانی شەڕی نێوخۆوە بەڕێوە دەبا و خۆی ئامادە دەکا بۆ ئەگەری هێرشی سەربازیی بۆسەر حیزبوڵای لوبنان.