لە یەکەمین ساڵیادی کۆچیدوایی مامۆستا جەلال مەلەکشا، شاعێری ناوداری گەلی کورد لە گوند مەڵووشانی شاری سنە ڕێوڕەسمێکی تایبەت بەڕێوە چوو.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی دووشەممە، ١٠ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، کاتژمێر ٢ی دوانیمهڕۆ، ئەویندارانی شێعر و ئەدەب و لایەنگرانی مامۆستا جەلال مەلەکشا، شاعێری ناودار و نەتەوەیی گەلی کورد، بە بەشداریی ئەدیبان، نوسەران، شاعێران، کەسایەتییەکانی شاری سنە و کوردستان، لەگەڵ خەڵکی گوندی مەڵووشان، زێدی لەدایکبوونی مامۆستا جەلەل و خەڵکی شاری سنە و دەروبەری سنە، بەبۆنەی یەکەمین ساڵیادی کۆچی دوایی ئەو شاعێرە نیشتمانییە، ڕێوڕەسمێکی تایبەتیان بەڕێوە برد.
سەرەتای ڕێوڕەسمەکە پێشکهشکاری بهرنامەکه چهند شێعرێکی مامۆستا جهلال مەلەکشای خوێندەوە و دواتر خاتوو “ئهشرف” خوشکی مامۆستا جەلال، بهخێرهاتنی ئامادەبووانی کرد و پاشان کاک “ماجید مهردۆخ ڕوحانی” لەسهر کهسایەتیی مامۆستا جهلال چەند وتەیەکی پێشکەش بە بەشداربووان کرد.
لە بڕگەیەکی تری ڕێوڕەسمەکەدا خاتوو “کولسووم عوسمانپوور” شاعێر و نووسەری گەلی کورد وتارێکی لەسهر کەسایهتیی مامۆستا جەلال و ڕەنگدانەوەی پرسی ژن لە شێعرەکانی مەلەکشادا پێشکەشی بەشداربووان کرد، دواتر مامۆستا “ڕەحیم لوقمانی” شاعێر و هاورێ و هاوڕێبازی مامۆستا جەلال چەند وتەیەکی پێشکەش کرد و شێعرێکی به دەنگی مامۆستا جهلال لەسهر پێشمهرگهی شههید بڵاو کردەوە، لە بڕگەی کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا هونهرمهندی گۆرانیبێژ، کاک “عادڵ نادری” دوو گۆرانی پێشکهش بە بەشداربووانی ڕێوڕەسمەکە کرد.
شایانی باسە که هێزە ئەمنی و ئیتڵاعاتییەکانی ڕێژیمی ئێران ئەو ڕێوڕەسمەیان بە چڕی گهمارۆ دابوو و بەشداربووان و ئامادەبووانیان خستبووە ژێر چاوەدێرییەوە و به کامێرای تایبەتی خۆیان وێنه و فیلمیان له بهشداربووان هەڵدەگرتەوە.