نەفتالی بێنێت، کە بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسی نێونەتەوەیی ئاڵوگۆڕە هەرێمییەکان، بۆ “گلاسکۆ” سەفەری کردبوو، وتی: ئاراستەی جیهان لە بەرانبەر ئێراندا دەبێ بە شێوەی بەرنامەی “شەڕی ئەستێرەکان”ـی ڕۆناڵد ڕیگان بێ کە لە شەڕی سارد بەدژی یەکیەتیی سۆڤییەت بەکاری هێنا.
ڕۆژی دووشەممە ١٠ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، نەفتالی بێنێت، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە سەفەری خۆیدا بۆ گلاسکۆ لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “تایمز”ـی بریتانیایی، وتی: ئیسرائیل لەگەڵ ڕێژیمی ئێران لە شەڕێکی سارد دایە و ئامانجی دەوڵەتی ئێمە ئەوەیە کە، تێچووەکان بۆ ڕێژیمی ئێران بگاتە ئاستی خۆی و زیاتر تووشی قەیرانی ئابووری ببێتەوە؛ ڕۆناڵد ڕیگان مۆسکۆی بۆمباران نەکرد، بەڵام لە ڕێگای گوشارخستن توانی یەکیەتیی سۆڤییەت لێک هەڵبوەشێنێتەوە.
هەروەها نەتفالی بێنێت بە ڕۆژنامەی “تایمز”ـی وت: “ئێران ناتوانێ بە حکومەتێکی کۆنەپەرست و ناکارامە سەرەکیترین پێداویستییەکانی خەڵکی ئەو ولاتە دابین بکا، تەنانەت ناتوانێ ئاوی خواردنەوەش بۆ خەڵکی ئێران دابین بکا، بەڵام هاوکات هەوڵ دەدا ئۆرانیۆمی پیتێندراو بگەیەنێتە ئاستێک کە ببێتە هۆی مەترسی بۆسەر مرۆڤایەتی؛ لە هەمان کاتدا ئێمە دڵنیاین کە بەرەوپێشچوونی ئیسرائیل لە بواری ئابووری و سەربازیدا گەڕانەوەی نییە و ئەو توانایەش بەدژی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەکار دەهێنین.”